عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هێزە ئەمنیی و سەربازییەكانی خستووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق بڵاویكردەوە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بڕیاردرا بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەباشی جەنگیی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی ئامادەیی بەرزی سەرجەم پێكهاتەكانی هێزە ئەمنییەكان و بەهێزكردنی تواناكانیانە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، بەجۆرێك كە بەشداربێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەكان.
ئەو فەرمانە لەكاتێكدایە، هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەتی عیراق پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی عەلی زەیدی دووپاتكردەوە لە سنوورداركردنی چەك و قەدەغەكردنی پێكهێنانی هەر ڕێكخراوێك لە دەرەوەی هێزە چەكدارە رەسمییەكانی عیراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت تەئكیدی لە بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كردووەتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەت بەگوێرەی بەرنامەی حكومەت و یاسا دەربڕیوە.
هەروەها لە ڕێككەوتنەكەدا هۆشداری دراوە لە بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان تێوەگلانی عیراق لەو شەڕانەدا كە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلەكەی ناكات.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داوای پابەندبوون بە هەنگاوەكانی دانانی چەك لە دوای 30ی مانگی نۆی 2026 دەكەن و دوای ئەو ماوەیە، هەر جوڵەیەكی چەكداری لە دەرەوەی دەوڵەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سزا دەدرێت.