بانكی جیهانی: زیرەكی دەستكرد سەدەیەك لە 10 ساڵدا كورت دەكاتەوە

عیراق 01:36 PM - 2026/08/05

بانكی جیهانی لەڕاپۆرتێكدا دەڵێت، زیرەكی دەستكرد دەتوانێت گەشەپێدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتو خێرا بكات و لە 10 ساڵدا ئەو پێشكەوتنە بەدی بهێنێت كە پێشتر پێویستی بە سەدەیەك بوە. 

بانكی جیهانی لەراپۆرتی گەشەپێدانی 2026دا ئاماژەبەوەدەكات، وڵاتانی تازەپێگەیشتو لەزیرەكی دەستكرددا دەرفەتێكی زێڕینیان بۆ رەخساوە نەك مەترسی. ئیندێرمیت گیل، گەورە ئابووریناسی بانكەكە، پێیوایە ئەم تەكنەلۆژیایە وەك رێگەیەكی رزگاربوونە بۆ ئابوورییە نوێیەكان و دەبێت بە خێرایی سودی لێ وەربگرن.

بەپێی راپۆرتەكە، مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد بۆ سەر هەلی كار لەوڵاتە هەژارو مامناوەندەكان زۆر كەمترە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان. لە كاتێكدا لەوڵاتە دەوڵەمەندەكان سەدا 14 پۆینت دووی كارەكان دەكەونە مەترسییەوە، لەوڵاتانی تازەپێگەیشتو ئەم ڕێژەیە تەنها سەدا چوار پۆینت پێنجە، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەكردن دەڕەخسێنێت.

بانكی جیهانی تەئكید دەكاتەوە كە پێویست ناكات وڵاتانی تازەپێگەیشتو پارەیەكی زەبەلاح بۆ مۆدێلە زمانەوانییە گەورەكان خەرج بكەن. بەڵكو دەتوانن سوود لە ئامرازی بچوكتر و كەم تێچوتر وەربگرن كە لەگەڵ پێداویستییە ناوخۆییەكانیاندا بگونجێت و كارەكانیان خێراتر بكات.

ئەم تەكنەلۆژیایە شۆڕش لەسێكتەرە سەرەكییەكاندا دەكات، لەتەندروستیدا دەستنیشانكردنی نەخۆشی خێرا دەكات، لەكشتوكاڵدا یارمەتی جووتیاران دەدات بۆ كاتی چاندن، و لە پەروەردەشدا ئاستی وانەوتنەوە بەرز دەكاتەوە. جگە لەوەش، خزمەتگوزارییە حكومی و دادوەرییەكان زۆر كاراتر دەكات.

لەرووی ئابوریشەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات تەنها لەئەفریكا، زیرەكی دەستكرد قەبارەی ئابووری بەرێژەی سەدا چوار لە 10 ساڵی داهاتودا زیاد بكات. ئەمەش ئەگەرێكە كە تەنها لە كاتی بونی ژینگەیەكی گونجاو و پشتگیرییەكی ڕاستەقینەدا بەدی دێت.

بۆ گەیشتن بەم دەستكەوتانە، وەبەرهێنان لە ژێرخانی دیجیتاڵیدا مەرجێكی سەرەكییە. دابینكردنی كارەبای بەردەوام، فراوانكردنی تۆڕی ئینتەرنێت و فێركردنی كارامەیی دیجیتاڵی بە هاوڵاتیان، ئەو هەنگاوانەن كە دەبنە بزوێنەری راستەقینەی گەشەپێدان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو