پارێزگاری سلێمانی: وابڕیارە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 850 دینار بگات بە هاووڵاتییان

کوردستان 03:02 PM - 2026/07/21

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، پاڵاوگە گەورەكان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی دیاریدەكەن.

راشیدەگەیەنێت، كە بڕی پێویست بەو نرخە نوێیە گەیشتە "سلێمانی"، وابڕیارە بە 850 دینار بگات بە هاووڵاتییان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی روونكردنەوەیەكی لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیاری نوێی نرخی سوتەمەنی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، بڕیاری دیاریكردنی نرخی بەنزینی حكومیی؛ لە سلێمانی، پێشتر و ئێستاش بۆ ئەو بڕەی لەلایەن حكومەتەوە دابینكراوە؛ جێبەجێكراوە. 

ئێستاش پابەندن بەو بڕیارەوە بۆ ئەو بڕەی بە رەسمی و دیاریكراوی پێیان دەگات، دواتر لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانییەوە، بەسەر چەند بەنزینخانەیەكدا دابەشدەكرێت و بەنرخی رەسمی وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە دەفرۆشرێت.

لەبارەی نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر رایگەیاندووە، پاڵاوگە گەورەكان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا؛ ئەو نرخە دیاریدەكەن، كە بڕی پێویست بەو نرخە نوێیە گەیشت، بەزامنكردنی كوالێتیی و زیادكردنی بڕەكەی و پاراستنی مافی یاسایی سودی دارایی بەنزینخانەكان، وابڕیارە بە 850 دینار بگات بە هاووڵاتییان.

پاریزگاری سلێمانی تەئكید لەوەدەكاتەوە، هەموو لایەك سەرپشككراون كە بەنزین و سوتەمەنیی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بە مەرج و كوالێتیی سامانە سروشتییەكان هاوردەی بازاڕەكانی كوردستان و سلێمانیش بكەن و لە ژێر چاودێریی لایەنە رەسمییە پەیوەندیدارەكاندا، بفرۆشرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو