بەئامانجگرتنی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز و كەناراوەكانی سوڵتاننشینی عومان بەردەوامە. دەستەی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، لە كەناراوەكانی عومان "مووشەكێكی نەناسراو" بەر كەشتییەكی نەوتهەڵگر كەوتووە. ئەمەش لە كاتێكدایە ئاڵوگۆڕی هێرشەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی گەرووی هورمز بەردەوامە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، چەند راپۆرتێكی پێگەیشتووە كە ئاماژە بەوە دەكەن كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بە "مووشەكێكی نەناسراو" پێكراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، رووداوەكە لە دووری هەشت میلی دەریایی لە باكووری رۆژهەڵاتی ناوچەی لیما لە سوڵتاننشینی عومان روویداوە.
دەستەكە روونیشی كردەوە، لێپرسراوی ئاسایشی كۆمپانیای كەشتییەكە رایگەیاندووە، تیمی كەشتییەكە چۆڵكراون و پەنایان بۆ بەلەمێكی رزگاركردن بردووە، هەروەها هیچ هەواڵێكیش لەسەر بوونی هیچ كاریگەرییەكی ژینگەیی نەبووە.
چەند سەعاتی پێشوو، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا "سێنتكۆم" دەستپێكردن و كۆتایی هاتنی خولێكی نوێی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران بۆ دەیەم شەوی لەسەریەك راگەیاند. ئەوەش بە ئامانجی بەردەوامبوون لە لاوازكردنی توانای سەربازی ئێران لە هێرشكردنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس، قەشم و سیریك بیستراوە. هەروەها دەنگی چەند تەقینەوەیەكی تر لە شارەكانی چابەهار و كۆنارەك لە باشووری ئێران و ئەسفەهان لە ناوەڕاستی وڵات بیستراوە.
میدیاكان دەڵێن، دەنگی تەقینەوەیەك لە شیراز لە باشووری رۆژئاوای ئێران و تەقینەوەیەكی تریش لە بەندەری لینجە لە باشوور بیستراوە. هەروەها بەرگرییە ئاسمانییەكان لە نزیك وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر چالاك كراون.