سەركردەكانی جیهان لە نیویۆرك كۆدەبنەوە

عیراق 02:02 PM - 2026/09/20

لەم هەفتەیەدا  بە بەشداری عەلی زەیدی نزیكەی 130 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەت بەشداری كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك دەكەن  و فراوانبوونی بازنەی ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆكرانیا، لەگەڵ مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد، لە پێشەنگی كارنامەی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكاندادەبێت.

لەم كۆبوونەوەیەدا عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق نوێنەرایەتی وڵاتەكەی دەكات و لە 22 تا 28 ی ئەم مانگە لە ئەمریكا دەبێت ، چاوەڕوان دەكرێت كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەنجام بدات و داوای دواخستنی هەر ڕێوشوێنێكی ئەمریكا بكات كە رەنگە سەپاندنی سزای دارایی یان ئابووری بەغداد بكاتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی چارەسەرنەكردنی پرسی سنوورداركردنی چەكی گرووپە چەكدارەكان بۆ دەوڵەت دوای ئەو وادەیەی كە بۆ 30ی ئەیلول دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا پاڵپشتی لە كابینەكەی زەیدی دەكات و چەندین گرێبەستیش لە بواری وزەدا لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا كراون، پێشبینی دەكرێت ئەم سەردان و دیدارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببێتە هۆی بەهێزكردنی بەهای دینار.

لە ئاستی جیهانیشدا، سەرۆكی چین شی جینپینگ كۆبوونەوەكانی نیویۆرك بەجێدەهێڵێت و لەبری ئەوە گفتوگۆی دوو قۆڵی لەگەڵ ترەمپ لە واشنتۆن هەڵدەبژێرێت كە رۆژی پێنجشەممە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. شی لە ساڵی 2021 لە ڕێگەی لینكی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە كۆبوونەوەی گشتیدا كرد، ئەمەش بووە هۆی مشتومڕ لەو كاتەدا سەبارەت بە توانای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانە جیهانییەكان.

دیپلۆماتكاران ڕایانگەیاندووە، رەنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە 15 ئەندام پێكهاتووە، كۆبوونەوەی ئاستی باڵا لەبارەی ئۆكرانیا و زیرەكی دەستكرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات، لەنێویاندا گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە عەرەبییەكان.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستاش وەك جێی سەرنجێكی سەرەكی گفتوگۆكان ماوەتەوە، لە كاتێكدا شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بەردەوامە لە كاریگەری لەسەر ڕێژەی هەڵاوسانی جیهانی و ناسەقامگیری ناوچەكە.هەروەها دەستكەوتەكانی ئەم دواییەی گرووپی حوسییەكان لە یەمەن هەڕەشە لە گواستنەوەی كەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی باب ئەلمەندەب دەكەن، كە دەتوانێت بەرزبوونەوەی نرخی وزە توندتر بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو