هاكان فیدان: نابێت سعودیە پەلكێشبكرێتە ناو ململانێكانی ئەمریكا و ئێران

عیراق 11:55 AM - 2026/09/20

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەنكەرە ئامادەیە سەرجەم پێداویستییە سەربازییەكان بۆ سعودیە دابین بكات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر سەروەریی خاكی ئەو وڵاتە.

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هێرشی زۆر مەترسیدار دەكرێنە سەر ژێرخانی ئابووری و سەروەریی خاكی سعودیە و جەختی لەوە كردەوە كە بەپێی رێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوانیان، بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانی لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا هەیە و رەجەب تەیب ئەردۆگانیش سەركردەیەكە لەسەر قسە و بەڵێنەكانی خۆی دەمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی مەككە ئاشكرای كرد، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەن و ئەگەر سعودیە پێویستی بە هاوكاریی سەربازی بەتایبەت لە بوارە تەكنیكییەكاندا هەبێت، ئەنكەرە هیچ كێشەیەكی لە دابینكردنیدا نییە، هاوكات پێداگری كرد لەسەر ئەوەی نابێت رێگە بدرێت سعودیە بخرێتە ناو ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریكا و ئێران و دەبێت لە دەرەوەی ئەو هاوكێشەیە بمێنێتەوە.

هاكان فیدان پێشبینیی ئەوەی كرد كە هاوپەیمانیی مەككە دەبێتە سەكۆیەكی گەورە بۆ گۆڕینی یارییەكان لە ناوچەكەدا بەهۆی بوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە، ئاماژەی بەوە دا كە هەنگاوەكان بەرەو بەدامەزراوەییكردنی هاوپەیمانییەكە بە خێرایی دەڕۆن، و كارە وردەكانی تایبەت بە دامەزراندنی سكرتاریەت و دروستكردنی بارەگایەكی سەربازیی هاوبەش نزیك بوونەتەوە لە تەواوبوون، كە ئەمەش هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنیی نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتییەكە دەباتە قۆناخێكی نوێوە.

لە بەشێكی تری  قسەكانیدا، هاكان فیدان هۆشداریی دایە ئیسرائیل كە پێویستە سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای ئاشتی و رێزگرتن لە دراوسێكانی دابڕێژێت، چونكە بە پێچەوانەوە نەك هەر لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر دەبێت، بەڵكو باجەكەی لەگەڵ تەواوی ناوچەكەدا دەدات، هاوكات روونیشی كردەوە كە توركیا ناچێتە ژێر كاریگەریی ئیستفزازی هەرزانەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ یۆنانیش، وەزیری دەرەوە جەختی لەوە كردەوە كە ئەنكەرە بە هیچ جۆرێك چەكداركردن و سەربازیكردنی دوورگەكانی دەریای ئیجە قبووڵ ناكات و رەخنەی لە سەركردەكانی یۆنان گرت كە بۆ مەرامی ناوخۆیی و دەنگ كۆكردنەوە پرسی دوژمنایەتیی توركیا دەوروژێنن، لە كاتێكدا سیاسەتی ئەنقەرە سەرقاڵی چارەسەركردنی دۆسیە جیهانییە گەورەكانە.

وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆتایی لێدوانەكانیدا سەرنجی خستە سەر دۆسیەی ململانێی روسیا و ئۆكرانیا و رایگەیاند كۆمەڵێك دەستپێشخەری هەن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام لەم قۆناخەدا گەیشتن بە ئەنجامی هەمیشەیی تا رادەیەك ئاڵۆز و سەختە. لەگەڵ ئەوەشدا، فیدان جەختی لەوە كردەوە كە نابێت دەستبەرداری ئومێد ببن و پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە بەردەوام بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو