جۆری ئەو خۆراكەی كە گونجاوە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ لە نێوان پیاوان و ژناندا جیاوازە

کوردستان 04:00 PM - 2026/07/21

توێژینەوەیەكی زانستی كە لە ئوسترالیا ئەنجامدراوە، ئاشكرای كردووە، جۆری ئەو خۆراك و سەوزەیەی بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ گونجاوە، لە نێوان پیاوان و ژناندا جیاوازە.

دوای شیكردنەوەی سیستمی خۆراكی زیاتر لە 600 كەسی پێگەیشتوو لە ئوسترالیا،  تیمێكی توێژینەوە لە پەیمانگەی توێژینەوەی تەندروستی و خۆراك سەر بە زانكۆی "ئیدیس كۆوان"، گەیشتنە ئەو ئەنجامانەی كە جیاوازییەكی بەربڵاو هەیە لە نێوان ئەو جۆرە خۆراك و سەوزەیەی كە بۆ پیاوان و ژنان گونجاوە.

توێژەران تەئكیدیان كردووەتەوە كە ئەو گەنجانەی لە رەگەزی نێرن و حەز بە خواردنی پاقلەمەنییەكانی وەك (پاقلە، نیسك و فاسۆلیا) دەكەن، ئەگەری دەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكانی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمترە،  لەوانەش بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كۆلیسترۆڵ و نەخۆشی شەكرە.

هەروەها دەركەوتووە كە ژنان سوودێكی زۆرتر دەبینن لە خواردنی سەوزەكانی وەك برۆكلی و كەلەرم، خواردنی ئەو سەوزەیانە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرەی جۆری دوو كەم دەكاتەوە. توێژەران دووپاتیان كردووەتەوە كە خواردنی جۆری دروستی سەوزە تەنها یەكجار لە رۆژێكدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە، تەنانەت لای ئەو كەسانەش كە لە سەرەتای تەمەنی بیستەكاندان.

 دكتۆر تێریسا ئۆسۆلیڤان لە پەیمانگای توێژینەوەی خۆراك و تەندروستی رایگەیاندووە، ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوەیە ئاماژە بەوە دەكەن كە پیاوان و ژنان بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ماددە خۆراكییەكانی ناو سەوزەكاندا دەكەن.

ڕوونیشی كردووەتەوە كە هەندێك لە ماددە خۆراكییەكانی ناو سەوزەكان كاریگەرییەكی بەهێزیان لەسەر هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاواندا هەیە، لە كاتێكدا ماددە خۆراكییەكانی ناو سەوزەكانی وەك برۆكلی و كەلەرم كاریگەرییەكی بەهێزتریان هەیە لەسەر هەندێك لە هۆرمۆنەكانی مێینە وەك ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن.

توێژەران ئاماژەیان بە پێویستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر كردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەو ئەنجامانە، بەڵام تەئكید لەوە دەكەنەوە كە سەوزە هەمیشە وەك رێگەیەكی هەرزان و ئاسان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی بە گشتی ئەگەر بە شێوەیەكی رۆژانە زیادبكرێت بۆ ژەمە خۆراكییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو