ئێوارەی 14ی تەمموزی 2026 مەراسیمی گۆڕینی ناوی (فڕۆكەخانە نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی حكومەتی عیراق و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و باڵیۆزی وڵاتان بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەم ساتە وەختە زۆر گرنگە، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، تەنیا ناولێنانێكی سەرزارەكی نییە، بەڵكو گوزارشتێكی روونە لە ویستێكی سیاسی قوڵ.
گۆڕانكارییەكە لەسەر پێشنیاری دامەزاروەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەنجامدرا، كە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە، دواتر پێشنیارەكە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی پیشووی عیراق و وەزیری پێشووی گواستنەوەی فیدراڵی، وەك رێزگرتنێك لە خەبات و تێكۆشانی مام جەلال پەسەندكرا.
ئامانج لە گۆڕینی ناوەكە بۆ رێزگرتنە لە یادی سەرۆك مام جەلال و خەباتی رزگاریخوازی بێوچانی سەرۆك مام جەلال لەپێناو دیموكراسی و رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكانی عیراق دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، هەر بۆیە ئەم گۆڕانكارییە تەنها رێوڕەسمێكی پڕۆتۆكۆڵی ناوخۆیی نییە، بەڵكو گۆڕانكارییەكی نوێیە لە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا.
30ی ئەیلوولی 2025 مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی عیراق، بە رەسمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق و رەزاق محێبس وەزیری پێشووی گواستنەوە رەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەكە درا.
3ی تشرینی یەكەمی 2025 رەزامەندی رەسمیی و كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆك وەزیرانەوە دەرچوو، كە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە رێكارە كارگێڕی و تەكنیكییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ هەموواركردنەوەی زانیارییە تەكنیكییەكانی فڕۆكەخانەكە دەستیپێكرد.
22-23ی شوباتی 2026 بەڕێوبەرایەتی فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراقی بە ڕەسمیی وادەی دیاریكراوی چوونە بواری جێبەجێكردنی تەكنیكیی ناوی نوێی فڕۆكەخانەكەیان ڕاگەیاند.
19ی ئاداری 2026 پاڵپشت بە بڕیاری كۆتایی دەرچوو لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراقی، ناوە نوێیەكەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی بە تەواوی چووە بواری جێبەجێكردنی رەسمییەوە.
فڕۆكەخانەی نیودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵی 2000 لەلایەن سەرۆك مام جەلالەوە بڕیاری دروستكردنی درا، لەساڵی 2003 بەردی بناغەی دانرا، هەروەها لە 20ی7ی2005 بە رەسمیی فڕۆكەخانەكە كرایەوە و سەرەتا تەنها گەشتی ناوخۆیی تیایدا ئەنجام دەدرا، دواتر فراوانكرا و بووە نێودەوڵەتی.