بە وتەی نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەكان لە ئەوروپا، چارەنووسی 137 كۆچبەری كورد لە وڵاتی لیبیا لە مەترسیدایە و زۆرینەی ئەو كۆچبەرانەش خەڵكی سنووری ئیدارەی راپەڕینن.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەكان لە ئەوروپا رایگەیاند، چارەنووسی 137 كۆچبەری كورد لە لیبیا لە مەترسیدایە و ژمارەیەك قاچاغچی یاری بەچارەنووسیان دەكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، كۆچبەرەكان زۆرینەیان خەڵكی سنووری ئیدارەی راپەڕینن و بەنیازن لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا.
لە بارەی چارەنووسی ئەو شەش كۆچبەرە كوردەی ئیدارەی راپەڕین كە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، چارەنووسیان نادیارە، پێشڕەو عەبدوڵا وتی، گومان دەكرێت لە كاتی پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاستدا دیارنەمابن.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەكو ئێستا، 1370 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا، لە كاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا خنكاون یان بێسەروشوێن بوون.
جێی ئاماژەیە، دەریای ناوەڕاست بە یەكێك لە مەترسیدارترین رێگەكان دادەنرێت و بەپێی خەمڵاندنەكان، رۆژانە نزیكەی 50 كۆچبەر لەو رێگەیەدا دەبنە قوربانی.