توێژینەوەیەكی ئەم دواییە ئاشكرایكردووە، خواردنەوەی یەك یان دوو كوپ قاوە رۆژانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی جگەر كەمدەكاتەوە.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن تیمێكی توێژەرانەوە لە چەندین دامەزراوەی توێژینەوەی جیاواز ئەنجامدراوە، كە یەكێك لەوانە زانكۆی (سیدەرز-سینای)یە بۆ زانستە پزیشكییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. توێژینەوەكە لەسەر زیاتر لە 335 هەزار كەسی تەندروست و بێ كێشە كراوە، ئەوەش دوای پڕكردنەوەی راپرسییەك سەبارەت بە خواردن و عاداتە خۆراكییەكانیان و بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستییان بۆ ماوەی نزیكەی 13 ساڵ.
ئەنجامەكانی توێژینەوەكە لە گۆڤارێكی زانستی كە تایبەتمەندە بە نەخۆشییەكانی جگەر و كۆئەندامی هەرەس بڵاكراوەتەوە، ئەنجامەكان ئاشكرای دەكەن ئەو كەسانەی زۆرترین بڕی قاوە دەخۆنەوە (رۆژانە 5 كوپ یان زیاتر)، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی سیرۆزی جگەر (تایبەت بە تێكچوونی شانەكان) بە رێژەی 32٪ و شێرپەنجەی جگەر بە رێژەی 47٪ كەمدەكاتەوە، هەروەها ئەگەری گیانلەدەستدانیان بەهۆی نەخۆشییەكانی جگەرەوە بە رێژەی 42٪ دادەبەزێنێت.
هاوكات، ئەنجامەكانی تیشكی لەرینەوەی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای) دەریانخستووە كە خواردنەوەی قاوە چەوری جگەر، هەوكردن و برینەكانی جگەر كەمدەكاتەوە، لەكاتێكدا پشكنینەكانی خوێن ئاشكرایان كردووە كە قاوە یارمەتی باشتركردنی فەرمانەكانی جگەر دەدات. بەڵام توێژەران ئامۆژگاری خواردنەوەی 5 كوپ قاوە ناكەن لە رۆژێكدا و تەئكید لەوە دەكەنەوە، ئەنجامە خوازراوەكان بە خواردنەوەی تەنها یەك یان دوو كوپ لە رۆژێكدا بەدەست دێن، و زۆرترین سوودی تەندروستیش لە كاتی خواردنەوەی تەنها 3 یان 4 كوپ لە رۆژێكدا بەدەست دێت.
سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی "هێلس دەی" ڕ ایگەیاندووە، ئەم ئەنجامانە تەئكید لەسەر گرنگی خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەكی مامناوەند دەكەنەوە. هەروەها ئەنجامەكان لە كاتی خواردنەوەی قاوەی ئاسایی (كافایین دار) یان قاوەی بێ كافایین وەك یەك بوون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە پێكهاتەكانی تری ناو قاوەكە یارمەتیدەرن لە پاراستنی تەندروستی جگەردا.
هەرچەندە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی ئەم ئەنجامانە بكرێت، بەڵام توێژەران تەئكید لەوەشدەكەنەوە كە خواردنەوەی قاوە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ تەواوكردنی ئەو خووە تەندروستانەی كە مرۆڤ پابەند دەبێت پێیەوە بۆ ئەوەی تەندروستی خۆی بپارێزێت، وەك وەرزشكردن و پاراستنی كێشی گونجاو. جا لە گرافیكێكدا قاوە و جۆرە بەناوبەنگەكانی لەگەڵ سود و زیانە تەندرووستییەكانی بۆ ئێوە دەخەینەڕوو، بەشێك لە پسپۆڕان پێیان وایە خۆردنەوەی قاوە بێ زیان نییە لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەتایبەت لە زۆرخواردنەوەیدا.