فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا رایگەیاند، هێزەكانیان كۆتاییان بە دوایین شەپۆلی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران هێناوە و لە ئۆپراسیۆنێكی پێنج سەعاتیدا بە سەركەوتوویی ئامانجە سەربازییەكانیان لە سەرانسەری ئێران پێكاوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، لە سەعات 10 و 15 دەقیقەی شەوی دووشەممە، بە كاتی رۆژهەڵاتی ئەمریكا، كە دەكاتە 5 و 15 دەقیقەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان، كۆتاییان بە دوایین شەپۆلی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران هێناوە.
راشیگەیاندووە، لەمیانی ئۆپراسیۆنێكی 5 سەعاتیدا، هێزەكانی ئەمریكا بە سەركەوتوویی هێرشیانكردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەكانیان لە سەرانسەری ئێران، لەنێویاندا لە بوشەهر، چابەهار، جاسك، كۆنارەك، ئەبو مووسا و بەندەر عەباس.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە كە ئامانج لەو هێرشانە بۆ زیاتر كەمكردنەوە و لەنێوبردنی تواناكانی ئێرانە لە بەئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان. ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان چەك و تەقەمەنیی زۆر وردیان دژی سیستمەكانی بەرگریی كەناراویی ئێران، بنكەكانی مووشەك و درۆن، هەروەها تواناكانی دەریایی ئەو وڵاتە بەكارهێناوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەی سێنتكۆمدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریكی لە سەرانسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوەیان پێكراوە. هێزەكانی ئەمریكا بەردەوامن لە كاركردن بە وریایی، هێزی كوشندە و ئامادەیی تەواوەوە.