عیراق و توركیا لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنێكی نوێی تایبەت بە بۆری هەناردەی نەوتی كەركوك- جەیهان لەنێوانیان ئیمزا دەكەن.
عیراق دەیەوێت لەم قۆناغەدا ئاستی هەناردە بۆ 750 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە، توركیا چاوی لەوەیە جگە لە نەوتی كوردستان، نەوتی بەسرەو كەركوكیش بخرێتە ناو بۆرییەكە و ئاستی هەناردە لەم بۆرییەوە بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاد بكرێت.
ئەڵپ ئەرسەلان بایرەكتار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، عیراق دەیەوێت رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆری كەركوك- جەیهانەوە هەناردە بكات، ئەمەش بەپێی رێككەوتنێك بۆ كارپێكردنی بۆرییەكە بۆ ماوەی ساڵێكی تر.
رێككەوتنی ئێستای كارپێكردنی بۆرییەكانی نێوان عیراق و توركیا لەم مانگەدا كۆتایی دێت، هەفتەی رابردوو هەردوو وڵات گەیشتنە رێككەوتن بۆ كارپێكردنی بۆرییەكە بۆ ماوەی یەك ساڵی تر، وا بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا رێككەوتنێكی نوێ ئیمزا بكەن.
دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێران و راوەستانی هەناردەی نەوتی عیراق لەڕیگەی دەریاوە، زیاتر بایەخی بۆری نەوتی نێوان عیراق و توركیا دەركەوت.
توركیا ساڵی رابردوو عیراقی لەوە ئاگاداركردەوە كە تەنیا نوێكردنەوەی رێككەوتنە كۆنەكەی ناوێت، دەیەوێت دانوستان لەسەر رێككەوتنێكی گشتگیرتر بكات.
هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عیراق- توركیاوە لە ساڵی 2023 راوەستا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، بڕیاریدا بەوەی توركیا قەرەبووی عیراق بكاتەوە.
بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆرییەكەدا راوەستاو دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیو، بەدیاریكراویش لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو دەستی پێكردەوە.
توانای بۆرییەكە بەر لە ڕاوەستانی رۆژانە 1.4 ملیۆن و بەرمیل بوو، رۆژانە نزیكەی 480 هەزار بەرمیلی پێدا هەناردە دەكرا. داتاكانی كۆمپانیای (بۆتاش)ی توركیا دەریدەخەن لەوكاتەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا دەستیپێكردووەتەوە، رۆژانە تەنیا نزیكەی 190 هەزار بەرمیل بەم بۆرییەدا هەناردە كراوە.
شوباتی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عیراق بڕیاریدا، بەوەی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم بۆرییەدا لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد، رێككەوتنی بۆرییەكەی پێشێلكردووە كە لە ساڵی 1976 لەنێوان هەردوو وڵات ئیمزا كراوە، بەهۆی ئەم پێشێلكارییەوە دادگاكە توركیای پابەندكرد بە پێدانی بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە عیراق.
بەپێی حوكمی دادگاكە، دەبوو توركیا نزیكەی یەك ملیار دۆلار بە عیراق بدات، لە هەمان كاتدا عیراق بڕی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بدات بە توركیا، وەكو كرێی گواستنەوەی نەوت بە بۆرییەكەدا لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، كە لەكاتی خۆیدا ئەو پارەیەی نەداوە.