ترەمپ: هاوبەشییەکی بەهێز لە کەرتی نەوتدا لەگەڵ عێراق دروست دەکەین

کوردستان 08:37 PM - 2026/07/14


دۆناڵد ترەمپ لە کاتی پێشوازیکردن لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند: بەمزووانە هاوبەشییەکی بەهێز لە بواری نەوتدا لەگەڵ عیراق ڕادەگەیەنین و پێویستمان بە مانەوەی هێزەکانمان لە عیراق نییە

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند؛ هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ عیراق هەیە، زەیدی سەرکردەیەکی گەنج، قۆز و لێهاتووە و بڕوام وایە بۆ ماوەیەکی درێژ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و دەبێتە یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێککەوتنی گەورە لە بواری نەوتدا واژو دەکات کە بەم زووانە رادەگەیەنرێن و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێنە ناو بازاڕی عێراقەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانی نێوان هەردوو وڵاتدایە.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی بەوە نابێت سوپاکەی لە عێراق بێت، وتیشی؛ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بەرەو بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری هەنگاو دەنێن لەبری پشت بەستن بە بوونی سەربازی؛ گرێبەستی زۆر لەگەڵ عێراق واژو دەکەین چونکە خاوەنی توانا و سەرچاوەیەکی گەورەیە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئێران بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر عیراق و بەمنزیکانە لێی رزگار دەبن. ئەوان سەرئێشەی گەورەیان بۆ عیراق درووستکردبوو.

هاوکات، عەلی زەیدی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە رۆژنامەنووسانی وت؛ سەردانەکەی بۆ واشنتۆن تەنیا سەردانێکی ئاسایی نیە و ئامانجی سەردانەکە بۆ راگەیاندنی هاوبەشییەکی ستراتیژییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

زەیدی روونیکردەوە، کە حکومەتەکەی کار لەسەر فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات، و جەختی کردەوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە چوارچێوەی پڕۆژە نوێیەکانی وەبەرهێناندا دێنە ناو بازاڕی عێراقەوە.

لە دۆسیەی ئەمنیشدا، سەرۆکوەزیران وتیشی، لە دوای 30ـی ئەیلوولەوە، هیچ پێویستییەک بە بوونی گروپە چەکدارەکان نابێت؛ سوپای عێراق توانای پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان هەیە، دەشڵێت، حکومەت بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی لە هەندێک لەو گروپە چەکدارانە وەرگرتووەتەوە.

لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە سەرۆکوەزیرانی عیراق ئەوەی خستەڕوو، من وەکو یەک جەستە سەیری عیراق دەکەم، کوردستان بەشێکی گرنگی عیراقە و هیچ جیاوازییەکیش ناکەین لەنێوان ناوچەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو