قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە

کوردستان 02:00 PM - 2026/07/14

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ کۆبووەوە، ئەمڕۆ لە سەردانێکی مەیدانیی و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکەی کرد.

قوباد تاڵەبانی لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە رایگەیاند، دانیشتووانی چەمچەماڵ و تەکیە و ئاغجەلەر و گوندەکانی ئەو دەڤەرە ساڵانێکی زۆرە بە دەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنن، هەربۆیە ئەم پڕۆژەیە ئەولەوییەتی ئێمەیە و بە هەر نرخێک بێت، دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی دانیشتووانی ئازیزی دەڤەرەکەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران پشتیوانی خۆشی بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دووپات کردەوە و جەختی کردەوە هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و رێگە نادات کارکردن لە پرۆژەکەدا پەکی بکەوێت.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بە گوژمەی ١٣٩ ملیارد دینار لە ساڵی ٢٠٢٤وە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا نزیکەی ٥٠٪ کارەکانی تەواو بووە.  بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ و تەکیە و ئاغجەلەر و ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی ناوچەکە بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، کەرتی کشتوکاڵیش لە سنوورەکە دەبووژێنێتەوە و زیاتر لە ٣٠ گوند لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو