وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەلایەن كۆمپانیای سپەیس ئێكسەوە بە رەسمی داوایان لێكراوە كە خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێتی "ستارلینك " لە سنووری هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی رەسمی بخەنەكار.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، دوای گۆڕینەوەی چەندین نامەی ئەلیكترۆنی لە نێوان هەردوولایەندا، كۆبوونەوەی ستافی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداربووانی كۆمپانیای "سپەیس ئێكس" ئەنجامدرا.
روونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بابەتە پەیوەندیدارەكانی كاركردنی كۆمپانیای "سپەیس ئێكس" و رێكارەكان گفتوگۆی لەسەركرا. هاوكات، مەرج و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خرایەڕوو كە پێویستە رەچاو بكرێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە گەرمی پێشوازی دەكات لەم هەنگاوەی كۆمپانیای ناوبراو و پێویستە بەردەست بێت لە سنووری هەرێمی كوردستان.
"ستارلینك" پڕۆژەیەكی جیهانیی هێڵی ئینتەرنێتی مانگی دەستكردە كە لەلایەن كۆمپانیای سپەیس ئێكس-ی سەر بە ملیاردێر ئیلۆن مەسك پەرەی پێدراوە. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە دابینكردنی ئینتەرنێتی خێرا و بێپچڕانە بۆ هەموو شوێنێكی جیهان، بەتایبەت ئەو ناوچە دوورەدەست و گوندانەی كە هێڵی تەلەفۆن یان فایبەر ئۆپتیكیان پێناگات.