پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ؛ هیوایەك بۆ تینوێتیی ناوچەكە

کوردستان 03:20 PM - 2026/07/14

 بۆ چەندین ساڵە، دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ، كە بە "پایتەختی شەهیدان و ئەنفال" دەناسرێت، لەگەڵ گەیشتنی وەرزی گەرمادا رووبەڕووی توندترین قەیرانی كەمئاوی دەبنەوە.

هاووڵاتیانی ئەو سنوورە 15 رۆژ جارێك ئاوی خواردنەوەیان بەسەردا دابەش دەكرێت واتا لە مانگێكدا دووجار، بەشێك لە ئەوان ناچارن بۆ دابینكردنی چەند لیترێك ئاوی پاك، چاوەڕێی تانكەرەكان بكەن یان تێچوویەكی زۆر لەسەر شانیان دابنێن.

بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیران و كێشەیە، لە ئابی ساڵی 2024ـەوە كاركردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەستی پێكردووە و كارەكانی بەردەوامن. ئێستا، دەنگی حەفارە و ئامێرە قورسەكانی كۆمپانیای كۆمپانیای هابیكا لەسەر سنووری زێی گۆپتەپە، چیرۆكێكی نوێ و پڕ لە هیوا بۆ ناوچەكە دەنووسنەوە.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە كە بە گوژمەی 139 ملیار و 510 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت، پێشتر بەهۆی كێشەی نادادپەروەریی خەرجكردنی بودجە لەلایەن حكومەتی هەرێم تووشی راگرتن ببوو. بەڵام بەهۆی گرنگیی پڕۆژەكە، قوباد تاڵەبانی، بە شێوەیەكی مەیدانی هاتووەتە سەر هێڵ و بە وردی  چاودێری بەڕێوەچوونی كارەكانی دەكات و دەشڵێت، بۆ ساڵی 2026 پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە لە ئەولەوییەتی سەرەكی كارەكانمانە و دەبێت بەبێ دواكەوتن تەواو بكرێت.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، یەكێكە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەكان كە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری بە شێوەیەكی بنەڕەتی جێبەجێ دەكرێت. تاوەكو ئێستا نزیكەی 50%ـی كارەكانی تەواو بوون. پرۆژەكە توانای پاڵاوتن و دابینكردنی 3400 مەتر سێجا ئاوی لە سەعاتێكدا هەیە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڕیارە پرۆژەكە لە 13ی حوزەیرانی 2027 بەتەواوی كۆتایی پێبێت و ئاو بگاتە ماڵان، بەوەش زیاتر لە 480 هەزار كەس لە دانیشتووانی چەمچەماڵ، تەكیە، ئاغجەلەر و گوندەكانی دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ئەو بەشە ئاوەی پێشتر لە پڕۆژەی دووكانەوە دەچوو بۆ چەمچەماڵ، دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و كێشەی كەمئاوی ئەوێش كەم دەكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو