پەروین بوڵدان دەڵێت، هەوڵدەدەن پێش مانگی تەممووز یاسایەكی تایبەت بە گەڕانەوەی لێپرسراوان و ئەندامانی پەكەكە لەپەرلەمانی توركیا دەربكرێت. دەشڵێت، یاساكە پێش دەرچوونی دەبرێتە ئیمڕاڵی و بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجەلانی لەسەر وەردەگیرێت.
پەروین بوڵدان، ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی لە میانەی سەردانێكدا بۆ شاری وان كە بەبۆنەی جەژنەوە ئەنجامیدا رایگەیاند، هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ ئەوەی پێش مانگی تەممووز و بەر لەوەی پەرلەمانی توركیا بچێتە پشووەوە، یاسایەكی تایبەت بەگەڕانەوەی لێپرسراوان و ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەربكرێت.
راشیگەیاند یاساكە، لەحەوت بۆ هەشت ماددە پێكهاتووە، بەپێی یاساكە، ئەندام و لێپرسراوانی پەكەكە دەگەڕێنەوە بۆ توركیا یان هەر شوێنێك بیانەوێت.
ئەو ئەندامەی وەفدی ئیمڕاڵی ئاشكرایكرد، دوای گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان، رەشنووسی پرۆژەیاساكە دەبرێتەوە بۆ ئیمڕاڵی و بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانكراوی پەكەكە-ی لەسەر وەردەگیرێت.
بوڵدان وتیشی، دۆخی ئۆجەلان زۆر باشە و بڕوای تەواوی بە پرۆسەكە هەیە، بە وردیش بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو یاسایە دەربڕیوە بڕیارە لە داهاتوودا دەربكرێت.