بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەی چەند رۆژە، دوای ئەوەی هەواڵەكان دەركەوتن كە ئەمریكا واز لە گەمارۆكانی ناهێنێت و بەدوای خنكاندنی هەناردەی نەوتی ئێراندا دەگەڕێت و نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 114 دۆلار بەرزببێتەوە.
راپۆرتە میدیاییەكان و ئیدارەی ئەمریكا ئاماژە بە گەمارۆی درێژخایەنی هێزی دەریایی ئەمریكا لە كەنداو لە دەرەوەی گەرووی هورمز دەكەن، كە ئامانج لێی خنكاندنی هەناردە و داهاتی نەوتی ئێرانە. بەپێی خەمڵاندنەكانی دامەزراوەی نەوتی ئەمریكی ئەی پی ئای كە درەنگانی رۆژی سێشەممە بڵاوكرایەوە، لەهەفتەی كۆتایی هاتنی مانگی نیساندا، كۆگاكانی نەوتی خاو و بەرهەمەكانی ئەمریكا بەردەوام لەدابەزیندایە.
كاربەدەستانی ئەمریكا لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەرۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، یاریدەدەرەكانی راسپاردووە خۆیان بۆ گەمارۆی درێژخایەنی ئێران ئامادە بكەن.
هۆكاری بەرزبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی نرخەكانی نەوت بۆ درێژكردنەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران دەگەڕێتەوە كە كێشەی گەورەی بۆ دابینكاری نەوت لەجیهاندا دروستدەكات.ترەمپ بەنیازە لەرێگەی درێژكردنەوەی گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران، فشاری ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە زیاد بكات.