وێنە و ئیمزای ترەمپ دەخرێنە سەر پاسپۆرتی نوێی ئەمریكا

عیراق 02:53 PM - 2026/04/29

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاسپۆرتێكی نوێ و سنووردار دەردەكات، كە وێنە و ئیمزای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای لەسەرە، ئەمەش وەك بەشێك لە ئامادەكارییەكان بۆ یادی 250 ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەكە.

تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەم پاسپۆرتە نوێیە بۆ یادی مێژوویی سەربەخۆیی ئەمریكا لە تەمموزی داهاتوودا دەردەكرێن. وێنە بڵاوكراوەكانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە لە هەژمارەكانیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) نیشانی دەدەن، وێنەی ترەمپ لە دیزاینەكەدا جێگیر كراوە و ئیمزاكەشی بە رەنگی زێڕین لەسەر لاپەڕەكان نەخشێنراوە.

بە وتەی  تۆمی پیگۆت، ئەم پاسپۆرتانە بە ژمارەیەكی سنووردار دەبن و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئاژانسی پاسپۆرتی واشنتۆنەوە داوای بكەن. لە دیزاینە نوێیەكەدا، وێنەی ترەمپ لە تەنیشت دەقی راگەیاندنی سەربەخۆیی و ئاڵای ئەمریكا دانراوە، هەروەها لە لاپەڕەیەكی تردا وێنەی دامەزرێنەرانی ئەمریكا لە كاتی ئیمزاكردنی راگەیاندنی سەربەخۆیی كێشراوە.

 ئەم هەنگاوە نوێترین هەوڵی ئیدارەی ترەمپە بۆ براندكردنی دامەزراوە و نیشانە رەسمییەكانی وڵات بە وێنە و ناوی سەرۆك.

پێشتر، وێنەی ترەمپ خراوەتە سەر كارتی چوونە ژوورەوەی پاركە نیشتمانییەكانی ئەمریكا لە تەنیشت جۆرج واشنتۆن.هەروەها بانكی ناوەندیی ئەمریكا خەریكی دیزاینكردنی دراوێكی نوێی یەك دۆلارییە كە وێنەی ترەمپی لەسەرە و لە پشتەوەی دراوەكە وێنەی سەرۆك كێشراوە مشتێكی بەرزكردووەتەوە و دروشمی (بجەنگە)ی لەسەرە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵی تیرۆركردنەكەی ساڵی 2024 لە پێنسیلڤانیا.لە رووی تەلارسازی و ناونانی دامەزراوەكانیشەوە، ترەمپ گۆڕانكاریی گەورەی لە واشنتۆنی پایتەخت كردووە. لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوودا، باڵی رۆژهەڵاتی كۆشكی سپی رووخێندرا تا هۆڵێكی گەورەی شایی و ئاهەنگی لێ دروستبكرێت. 


 لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردووشدا، ناوەندی كەنەدی بۆ هونەرە جوانەكان گۆڕدرا بۆ ناوەندی یادەوەریی دۆناڵد جەی ترەمپ و جۆن ئێف كەنەدی، ئەمە یەكەمجارە لە مێژووی ئەمریكادا دامەزراوەیەكی نیشتمانی بەناوی سەرۆكێكی زیندووەوە بكرێت.

 لە مێژوودا، هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا  و هیچ سەرۆكێكی وڵاتێكیش لەسەر ئاستی جیهان ، وێنەی تایبەتی خۆی لەناو پاسپۆرتێكی نیشتمانیدا جێگیر نەكراوە. 

پاسپۆرتە ستانداردەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی گشتی دیمەنە مێژووییەكان و نیشانە كولتوورییەكان نیشان دەدەن، وەك وێنەكانی پەیكەری ئازادی و زەنگی ئازادی، تا گوزارشت لە ناسنامەی نیشتمانی بكەن نەك كەسایەتییەكی سیاسیی دیاریكراو. هەرچەندە پاسپۆرتەكانی رابردوو زۆرجار ئیمزای  وەزیری دەرەوەیان لەسەر بووە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە ئیمزای سەرۆكێك بە شێوەیەكی بەرچاو لەناو بەڵگەنامەكەدا دەردەكەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو