لە یادی پەنجا ساڵەی خەباتی پڕ لە شانازی و سەروەریی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵەی خوێندکاران و گشت زانستخوازانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مێژووی پرشنگداری کۆمەڵەی خوێندکاران هەم لە خەباتی شۆڕشی نوێ و هەم لە هەوڵ و تێکۆشانی بێ ووچانیدا مایەی شانازییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کۆمەڵەی خوێندکاران هەر لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبووە لە ناساندنی بیری نەتەوایەتیی لە ناو توێژی گەنجان و لاوانی کوردستاندا، لە هەمان کاتدا رۆڵێکی گرنگیان لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی ڕێگای رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە، هەروەها لە بەرانبەر ستەم و نادادی رژێمی بەعسی دیکتاتۆردا،
هەمیشە بە دەنگێکی دلێر و بوێرانە داوای ماف و ئازادییان بۆ گەلی کوردستان کردووە، لەم پێناوەشدا گیان و خوێنی چەندین رۆڵەی گەنجیان بەخشیوە بە نیشتیمان.
لەم یادە پڕ شکۆیەدا، کاروبارەکانی ئەندامانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەی کە لە ئەستۆیانە بەرز دەنرخێنم، ئومێدەوارم بە ستراتیژێکی نوێ و سەردەمییانە درێژە بەکاری رێکخراوەییان بدەن، لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئاستی پەروەردە و بەرزکردنەوەی توانا زانستییەکان و ئاستی هۆشیاری خوێندکاران.
لە کۆتاییدا، سەری ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی کاروانی ئەم خەباتە و گشت شەهیدانی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٤/٢٦