ئاستی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی زیاتر لە دوو هێندەی خواستی ناوخۆیە، بۆیە زیاتر لەنیوەی دەنێردرێت بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق.
بەپێی ئامارەكان، لە هەرێمی كوردستان بە گشتی نزیكەی 2 هەزار كێڵگەی پەلەوەری هەن، لەو ژمارەیەش 850 كێڵگەیان دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، بەم دوواییانە ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگاكە گەیشتووەتە 180 هەزار تۆن، لە كاتێكدا خواستی ناوخۆی پارێزگاكە بۆ گۆشتی مریشك ساڵانە نزیكەی 85 هەزار تۆنە،
ئەمەش دەریدەخات بەرهەمی مریشك گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هێندەی خواستی دانیشتووانی پارێزگاكە، كە وایكردووە سلێمانی ببێتە یەكێك لە ناوەندە سەرەكییەكانی دابینكردنی گۆشتی مریشك لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق، هەر بۆیە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر لە نیوەی بەرهەمەكانیان رەوانەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكەن.
لەو بارەیەوە نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، رایگەیاندووە كە كوالێتیی بەرز و گونجاوی نرخی مریشكی سلێمانی، هۆكاری سەرەكیی ئەو خواستە زۆرەیە كە لە پارێزگاكانی عیراقەوە لەسەر بەرهەمی ئەم سنوورە دروست بووە.
هاوكات ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ هەبوونی ئەم خواستە گەرمە، بۆ ئەوەی خاوەن كێڵگەكان بتوانن بەردەوام بن لەپەرەپێدانی بەرهەمەكانیان، پێویستە هەنگاوی جددی بۆ كارئاسانی و واڵاكردنی زیاتری دەرگاكانی ناردنی بەرهەمی مریشك بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق بنرێت.