سعودیە چوونە مەككە و مەدینە بە ڤیزەی گەشتیاریی قەدەغە دەكات

کوردستان 01:45 PM - 2026/04/26

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە هۆشدارییەكی توند دەداتە ئەو كەسانەی بە ڤیزەی گەشتیاری هەوڵی بەجێگەیاندنی حەج دەدەن، هاوكات سزایەكی قورسی دارایی بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنێت.

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لەراگەیەنراوێكدا هۆشدارییەكی توندی لەبارەی پرۆسەی حەجی ئەمساڵەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هەركەسێك بیەوێت بەڤیزەی گەشتیاریی لەوەرزی حەجدا سەردانی مەككەو مەدینە بكات بۆ بەجێگەیاندنی ئەركی حەج و دەستگیر بكرێت، سزاكەی لە 100 هەزار ریاڵ كەمتر نابێت كە یەكسانە بە نزیكەی 26 هەزار دۆلار. وەزارەتی ناوخۆی سعودیە داوا لە هەموو حاجییەكان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن بۆ ئەوەی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكاران رووبەڕووی سزای توندی ئیداری دەبنەوە.

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی حەجدا، حكومەتی سعودیە رێوشوێنی توندی ئەمنی و كارگێڕی دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە قەرەباڵغی و كۆنتڕۆڵكردنی ژمارەی حاجییان. بەپێی یاساكانی سعودیە، تەنیا ئەو كەسانە بۆیان هەیە بەشداری لە حەجدا بكەن مۆڵەتی رەسمییان هەیە. 

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ پێنج هەزار و 120  كەس لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە حەج. رۆژی چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026، یەكەم كاروان لە هەولێرەوە بەڕێ دەكەوێ و تاوەكو 10ی ئایار سەرجەم كاروانەكان بەڕێ دەكەون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو