دادگای فیدراڵی بریاری تاوتوێكردنی سكاڵای هەناردەی نەوتی عیراقی لەهەرێمی كوردستانەوە دا

عیراق 02:45 PM - 2026/04/26

 بڕیارە لەم هەفتەیەدا دادگای فیدڕاڵی كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو سكاڵایەی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگەی هێڵی هەرێمی كوردستانەوە كرا، كۆمپانیای نەوتی باكووریش دەڵێت سكاڵاكە كاریگەریی نابێت.

دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، یەكەم دانیشتن لەبارەی سكاڵای عودەی عەواد، سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقوون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق  ئەنجام دەدات، كە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماری كردووە لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هێڵی هەرێمی كوردستانەوە.

لە ناوەڕۆكی داواكارییەكەیدا سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقوون داوای فەرمانی بەپەلەی دەوڵەت دەكات، بۆ دەرچوون لەمەرج و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە تایبەتن بە رەزامەندی هەناردەكردنی نەوتی عیراق لەڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێم و گواستنەوەی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، داواش دەكات ئەو رێكارانە بە نادروست بناسێنرێن تاوەكو ئەو كاتەی سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە.

لای خۆشیەوە كۆمپانیای نەوتی باكوور هەڵوێستی هەیە و دەڵێت، هەناردەكردنی نەوت بڕیاری حكومەتی عیراق و وەزارەتی نەوتە و پێویستیی قۆناغەكەیە بۆ ئەوەی زۆرترین نەوت هەناردە بكرێت، بەتایبەت بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە، بۆیە ئەم جۆرە سكاڵایانە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەناردەی نەوتی عیراق بۆ بازاڕەكانی جیهان نابێت.

بەپێی زانیارییەكان رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكەوە بە تێكڕا 210 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی هێڵی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەكرێت، لە بەرامبەردا، لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە تەنیا 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت.

دوای داخستنی گەرووی هوورمز لەلایەن ئێرانەوە، حكومەتی عیراق بەرەسمی پەنای بۆ هێڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بردووە، كە توانای هەناردەكردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە و بەشێكی زۆری داهاتەكەی بۆ خەزێنەی عیراق دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە لە 18ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی كەركووك لە رێگەی هێڵی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێكردووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو