خوێندکارانی ئازیز ...
مەشخەڵ هەڵگرانی رێگای پەروەردەو زانست و نیشتمانپەروەریی
ئەمڕۆ یادی ڕۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا ، ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان تەنها یادکردنەوەی رێکخراوێکی پیشەیی نییە، بەڵکو رێزگرتنە لەو ناوەندە گەورەیەی کە دەیان سەرکردە، ڕۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە لە مافە رەواکانی گەلەکەمان و خوێندکاران و گەنجانی خۆشەویست .
کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا ! بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا . ئەوەبوو خوێندکاران تەنها لە هۆڵەکانی خوێندندا نەمانەوە ، بەڵکو لە شاخ و شار، لە خەباتی نهێنی و رێکخستن و رێپێوان و ناڕەزایەتی و زیندان و لە ڕاپەڕینەکاندا، سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی دانەبڕاون.
لەم رۆژەدا بە شانازیمانەوە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو سەرکردە و خوێندکارە شەهیدانە دادەنەوێنین کە قەڵەمیان گۆڕی بە چەک و خوێنی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئازادیدا درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموكراسی بدەین.
سوپاس بۆ ماندووبوونی هەموو ئەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەی لە ڕابردوو و ئێستادا، کات و وزەی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم رێکخراوە پیشەییە وەک قەڵایەکی بەهێزی زانست و پەروەردەو پرۆسەی فێربوون و کوردایەتی بمێنێتەوە.
لەم قۆناغی نوێبوونەوەو کارکردنتاندا ، داواتان لێدەکەم وەک هەمیشە دەنگی ڕاستەقینەی خوێندکاربن بە بێ جیاوازی و ڕێگا بۆ نەوەکانی دوای خۆتان ڕووناك بکەنەوەو بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.
لەم رۆژەدا ، دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بە شانازیمەوە لەگەڵ ئێوەی خوێندکارو گەنجان دەمێنمەوە و پشتیوانتان دەبم لەپێناو داهێنان و پێگەیاندنی لاوەکانمان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردەو خوێند لە وڵاتەکەماندا ،
باوڕم بە وزەو تواناتان هەیە ، دڵنیام داهاتوو هەر بۆ ئێوەیە ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبەرامبەرتاندا دەرگای کراوەیە ، هێنانە پێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردە کردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت .
پیرۆز بێت یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان ، بەرەو ئایندەیەکی گەشتر بۆ خوێندکاران و نیشتمانەکەمان
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان