شارەزایانی بواری گواستنەوەی دەریایی هۆشداری دەدەن، كە تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بە تەواوی بكرێتەوە، ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان و كاڵا بازرگانییەكان چەندین مانگی پێویستە.
داتاكانی دامەزراوەی كپلەر بۆ شیكردنەوەی گواستنەوەی دەریایی ئاماژە بەوە دەكەن، گەڕانەوەی جموجۆڵ بۆ گەرووی هورمز لە نێوان مانگەكانی ئایار تا ئەیلوول بە شێوەیەكی قۆناغبەندی دەبێت، ئەمەش تەنیا لەو كاتەی ئەگەر ئێران دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو رێڕەوەدا كەم بكاتەوە و رێگە بە هاتوچۆی ئازاد بدات.
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) بە لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاندووە، پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەكانی ئێران رەنگە 6 مانگی پێویست بێت.
بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن ئێران زیاتر لە 20 ئامێری مینڕێژكراوی بە جی پی ئێس ئاراستەكراوی لەو رێڕەوەدا چاندووە، كە دۆزینەوەیان كارێكی زۆر قورسە.
شارەزایانیش دەڵێن،ئێستا ئێران كۆنترۆڵی نزیكەی تەواوی گەرووەكەی كردووە و تەنها بە مۆڵەتی پێشوەختە رێگە بە كەشتییەكان دەدات تێپەڕ بن،تەنانەت كەشتییەكانی هیندستان و پاكستان، كە وەك دۆستی تاران دەبینرێن، بە ئازادی هاتوچۆ ناكەن و لەم هەفتەیەدا دوو كەشتی كۆنتێنەر لە ماوەی 24 سەعاتدا دەستیان بەسەردا گیراوە.