هەرچەندە ئەمساڵ بڕێكی زۆر بەفرو باران باریو بەشێكی زۆری بەنداوەكان پڕبوون لە ئاو، بەڵام روانگەیەكی ژینگەی عیراقی سەوز، هۆشداری لە ئاستی مەترسییەكانی وەرزی هاویندا دەداتو دەڵێت، پلەكانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن و دەبێتە یەكێك لە گەرمترین هاوینەكانی ساڵ .
روانگەی ژینگەیی عیراقی سەوز لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هاوینی ئەمساڵ شاهیدی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی پلەكانی گەرمادەبێت و رێژەكەی دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، ئەم بەرزبوونەوەیەش دەبێتەهۆی خێراتربوونی بەهەڵمبوونی ئاوی رووبار و بەنداوەكان، هەروەها زیادبوونی ئەگەری ئاگركەوتنەوە لە ناوچە كشتوكاڵییەكان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لە هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی كەمی غازی ئێرانەوە پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەكان زیاد دەكات، چونكە ئەو غازەی لە عیراق بەرهەم دەهێنرێت بەشی كارپێكردنی سەرجەم وێستگەكان ناكات، هەموو ئەمانەش دەبێتە هۆی دەردانی زۆری گازە ژەهراویەكانو بەرزبوونەوەی ژاوەژاو و پیسبوون،
روانگەكە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ كەمكردنەوەی سەرچاوەكانی پیسبوون و بەرەوپێشبردنی چارەسەری وزەی پاك.