ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە

عیراق 09:33 AM - 2026/04/11

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە و لایەنەكانیش وەك هاوپەیمانێتی ئاوەدانكردنەوە ‌و گەشەپێدان، هێزەكانی دەوڵەتی نیشتمانی، سادقون، تەقەدوم ‌و بابلیۆن بەڕەسمی رایانگەیاندووە كە بەشداری لە دانیشتنەكەدا دەكەن.

لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشدا، فراكسیۆنی ی.ن.ك، ڕەوتی هەڵوێست، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، نەوەی نوێ ‌و كۆمەڵی دادگەری بەشداری دەكەن، بەڵام فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری دانیشتنەكە ناكات.

بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەعات 11 دانیشتنەكە بەرێوەدەچێت، بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق.

لای خۆیەوە دیلان غەفور وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە هەنگاوە دەستورییەكان تەواو بكرێن و كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێندرێت. وتیشی، ئیرادەیەكی بەهێز لەناو پەرلەمانتاراندا هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، زۆرینەی فراكسیۆنەكانیش پشتیووانی لە نزار ئامێدی، كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن. 

هاوكات هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، هەر فراكسیۆن و پەرلەمانتارێك بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكات و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوكردنی هەنگاوە دەستوورییەكان ناوەكانیان بۆ ڕای گشتی بڵاودەكرێتەوە.

ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 329 پەرلەمانتارە، لە خولی یەكەمدا هەر كاندیدێكی سەرۆك كۆمار 220 دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆمار، ئەگەرنا دەنگدان دەچێتە خولی دووەمەوە، ئەوكات هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی هێنا، دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو