فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

کوردستان 08:08 PM - 2026/04/10

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكردەوە، كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار‌و تیایدا داوا لە پەرلەمانتاران دەكات، لەپێناو بەدیهێنانی خواستەكانی گەلەكەمان‌و چەسپاندنی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی، بەشداری تێدا بكەن.
لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكردوە، لەژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە هەنووكەییەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و لە وەڵامی شایستە دەستوورییەكان كە گەلی عیراق چاوەڕوانی دەكات، فراكسیۆنی یەكێتیی تەئكید دەكاتەوە لەسەر پێویستی بەستنی كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، بە مەبەستی تەواوكردنی گرنگترین شایستەی دەستووری كە خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا دەبینێتەوە، دوای ئەوەی ئەم مەلەفە كاتێكی پێویستی بۆ یەكلاییكردنەوە وەرگرتووە، بۆیە نابێت پرسی نەبوونی تەبایی ببێتە هۆكارێك بۆ پەكخستن‌و تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان، كە بە كۆڵەكەی سەرەكی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت‌و دەستەبەركردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دادەنرێت.
فراكسیۆنی یەكێتی تەئكیددەكاتەوە، دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی ئەم پۆستە كاروانی دەوڵەت پەكدەخات‌و دەبێتەهۆی كەڵەكەبوونی مەلەفە ئابووری، خزمەتگوزاری و ئەمنییەكان كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە. راشیدەگەیەنێت، هاووڵاتیانی عیراق چاوەڕوانن ئەنجومەنی نوێنەران بە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەكانی هەڵبستێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییانەی رووبەڕووی عیراق دەبنەوە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، هەروەها باشتركردنی باری گوزەران و دابینكردنی هەلی كار .
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە، داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات ئامادەی كۆبوونەوەی سبەینێ بن، ئەوەش لە پێناو بەدیهێنانی خواستەكانی گەلەكەمان و چەسپاندنی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی، كە لەسەر خوێنی پاك و قوربانییەكانی گەلەكەمان دامەزراوە، كە لە پێناو عیراق و ئازادی گەلەكەیدا بەخشیویانە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو