وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ وەفدی عوممان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای بەرەوپێشچوونی دانوستانەكان، هیچ گۆڕانكارییەك لە دۆخی هاتوچۆی كەشتییەكان لە ناوچەكە رووی نەداوە.
ڕۆژانی هەینی و شەممە، چەند خولێكی دانوستان لە نێوان ئێران و عوممان لە ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە تاران بەڕێوەچوو. ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم كۆبوونەوانە بونیادنەر بوون و تێیاندا بیروبۆچوون لەبارەی میكانیزمی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی گەرووی هوورمز ئاڵوگۆڕ كراوە.
بە وتەی بەقائی ،لە گفتوگۆكاندا تیشك خراوەتە سەر ڕەچاوكردنی مافی خاوەندارێتی وڵاتانی كەناراوەكان و چۆنیەتی ڕێكخستنی هاتووچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هوورمز. بەقائی ئاماژەی بەوەشكرد گفتوگۆكان بەرهەمداربوون و لە داهاتووشدا گفتوگۆ تەكنیكی و سیاسییەكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ هەمان مەبەست بەردەوام دەبن.
سەرەڕای پێشكەوتنەكان لە ئاستی دیبلۆماسی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەئكیدی كردەوەلەوەی ، تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەكی مەیدانی لە دۆخی گەرووی هوورمز رووی نەداوە. بەقائی راشیگەیاند، گەرووەكە وەك پێشتر بە داخراوی ماوەتەوە و وەفدی عوممانیش ئێوارەی دوێنێ شەممە دوای تەواوبوونی گفتوگۆكان تارانیان بەرەو مەسقەت جێهێشتووە.