وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت، نزیكەی 11 هەزار كارمەندی وەزارەتەكە دەخرێنە بەر پرۆگرامی نەهێشتنی نەخوێندەواری و وەزیری پەروەردەش ئاماژە بەوە دەكات، دەیانەوێت وەزارەتی ناوخۆ ببێتە یەكەم وەزارەت كە نەخوێندەواریی تێدا نەمێنێت.
حوسێن عەوادی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق ،لە یەكەمین كۆنفرانسی دەزگای جێبەجێكردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری ،كە بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بەرێوەچوو رایگەیاند، نزیكەی 11 هەزار كارمەندی وەزارەتەكەیان لە پرۆگرامی نەهێشتنی نەخوێندەواری سوودمەند دەبن.
عەوادی پشتگیریی تەواوی وەزارەتەكەی بۆ پرۆگرامەكە دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە تەرخان دەكەن، ئەوەش لە رێگەی ئامادەكردنی ناوەندی خوێندن، دابینكردنی ئاسانكارییە پێویستەكان و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی كارمەندانی وەزارەت.
هەر لەوبارەوە عەبدولكەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە و سەرۆكی دەستەی باڵای نەهێشتنی نەخوێندەواریی عیراق رایگەیاند، بەشداریكردنی ئەو 11 هەزار كارمەندەی وەزارەتی ناوخۆ لە پرۆگرامەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەستی پێكردووە.وەزیری پەروەردەی عیراق ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتەهۆی بەهێزكردنی هاوبەشی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت و هیوای خواست وەزارەتی ناوخۆ ببێتە یەكەم دامەزراوەی حكومی كە بە رەسمی خاڵیبوون لە نەخوێندەواری لەناو كارمەندەكانیدا رابگەیەنێت.