لەعیراق ئەم هەفتەیە بڕیار لەسەر تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەدرێت

عیراق 02:45 PM - 2026/04/05

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەم هەفتەیە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ و تاوتوێكردنی میكانیزمی نوێ بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاران ، میوانداری وەزیری پەروەردە دەكات.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كارنامەی دوو دانیشتنی بلاوكردەوە، دانیشتنی رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، لە سەعات 11 ی بەیانی تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر تەواوكردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەكان.

هەروەها لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆكەوانیی مەدەنیی ساڵی 1974 و پڕۆژەیاسای پارێزگا ڕێكنەخراوەكانی ناو هەرێم ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق میوانداریی وەزیری پەروەردە بكات. ئامانج لەم میواندارییە تاوتوێكردنی میكانیزمی تاقیكردنەوەكانە، چونكە ناسەقامگیریی ئەمنی لە وڵاتدا وایكردووە حكومەت بیر لە گۆڕانكاریی لە خشتە و شوێنی ناوەندەكانی تاقیكردنەوە بكاتەوە تا بەردەوامی بە پڕۆسەكە بدرێت.

شەیما عەبدولستار، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق  بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە گفتوگۆ دەكەن لەسەر كەمكردنەوەی بابەتەكانی خوێندن بۆ قۆناغە كۆتاییەكان.

ئەم هەنگاوە بە ڕەچاوكردنی ئەو دۆخە نالەبارە دەبێت كە ئێستا وڵاتی پێدا تێپەڕ دەبێت.بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پلان وایە ناوەندەكانی تاقیكردنەوە لە ناوچە نائارامەكانەوە بۆ شوێنی سەلامەت وەك زانكۆكان بگوازرێنەوە. ئەم رێكارە بۆ ئەوەیە گیانی خوێندكاران  بپارێزرێت و تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بەبێ گرفت لە هەموو پارێزگاكان مسۆگەر بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو