بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكا -ئێران، عیراق ئاسمانی وڵاتەكەی تاوەكو هەفتەیەكی تر بەرووی هەموو گەشتێكدا داخست، بەمەش وڵاتەكە رۆژانە زیاتر لە 360 هەزار دۆلار، تەنها لە كرێی تێپەڕبوونی فڕۆكە زیانی بەردەكەوێت كە زیانەكەی لە ماوەی مانگێكدا دەگاتە نزیكەی 11 ملیۆن دۆلار، بەڵام زیانە گشتییەكان لەماوەی جەنگدا بەنزیكەی 70 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، رایگەیاند، بەهۆی ئەم جەنگەوە كەرتی گواستنەوە دوای نەوت زەرەرمەندترین كەرتی عیراقە، چونكە گەشتەكان تەواو راگیراون و كرێی تێپەڕبوونی فڕۆكەش بەسەر ئاسمانی عیراقدا بووە بەسفر.
لەبارەی زیانەكانەوە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق وتی، گەشتی ئاسمانی بەتەواوی راگیراوە، هاوكات كرێی تێپەڕبوونی فڕۆكەش كە پێش جەنگ رۆژانە لە نێوان 700 بۆ 850 فڕۆكە بوو، داهاتەكەی بووە بە سفر، ئەمە جگە لەوەی داهاتی خزمەتگوزاری لە فڕۆكەخانەكانیش بووە بە سفر، بۆیە عیراق لە كەرتی گواستنەوەی ئاسمانی زیانی زۆری بەركەوتووە.
پەیوەست بە بڕی زیانەكانیش روانگەی ئیكۆ عیراق، ئاشكرای كردووە، عیراق رۆژانە نزیكەی 360 هەزار دۆلار تەنها لەكرێی تێپەڕبوونی فڕۆكە بەئاسمانەكەیدا زیانی بەردەكەوێت، بەمەش مانگانە نزیكەی 10 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت. ئاماژەی بەوەشكردووە،پێش هەڵگیرسانی جەنگ، رۆژانە 700 بۆ 750 فڕۆكە بە ئاسمانی عیراقدا تێدەپەڕین، هەر فڕۆكەیەكیش نزیكەی 450 دۆلاری لێوەردەگیرا، بەمەش تەنها كرێی تێپەڕبوون نزیكەی 360 هەزار دۆلار بوو.
بەپێی بەدواداچوونەكان، پەیوەست بەكۆی زیانەكانیش، واتە كرێی تیپەڕبوون و وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان و خزمەتگوزاری فڕۆكەخانەكان، عیراق رۆژانە نزیكەی 2 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار زیانی بەردەكەوێت، كە لەماوەی جەنگدا بەنزیكەی 70 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
داخستنی ئاسمانی عیراق، لەسەر بنەمای چەند پێوەرێكی نێودەوڵەتی و پاراستنی گەشتیاران و فڕۆكەكانە، بۆیە عیراق ناتوانێت لەم دۆخەدا ئاسمانی وڵاتەكەی بكاتەوە، چونكە بە وتەی مەیسەم سافی، كۆمەڵێك رێنمایی نێودەوڵەتی بۆ داخستنی ئاسمانی وڵات بوونی هەیە، كە كۆمپانیاكانی دڵنیایی نێودەوڵەتی دیاریان كردووە.