بەڕێوەبەری دەستەی گومرگەكانی عیراق دەڵێت، گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنی سیستمی گومرگی ئەسیكۆدا بەردەوامە، هەرچەندە هێشتا هەنگاوی كردەیی نەنراوە، بەڵام ئاسۆی رێككەوتن دیارە.
سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عیراق راگەیاند: گفتوگۆكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی سیستمی ئەسیكۆدا بەردەوامە و تائێستاش هەنگاوی كردەیی 100٪ نییە، بەڵام هەماهەنگی و كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەیە.
لەبارەی كاری لیژنە هاوبەشەكان بۆ یەكخستنی سیستمی گومرگی، سامر قاسم وتی: لیژنە هاوبەشەكان لە كارەكانیان بەردەوامن. ئاسۆ هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەڵام ئێستا شتێكی كرداری نییە و تەنیا دیدار و كۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت.
سیستمی ئەسیكۆدا، سیستمێكی جیهانیی ئەلیكترۆنییە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری گومرگی كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پەرەی پێدراوە. عیراق ماوەیەكە كار بۆ جێبەجێكردنی دەكات و دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەیەكەوە كار بەو سیستمە بكەن.