راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئاشكرای دەكات، چەند كۆمپانیایەكی چینی تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد بۆ سیخوڕیكردن بەسەر هێزەكانی ئەمریكاوە بەكاردەهێنن و زانیارییە وردەكانی جووڵەی سەربازی دەخەنە بازاڕی بازرگانییەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، لە میانی هێرشەكانی واشنتۆن و تەلئەبیب بۆ سەر تاران، چەند كۆمپانیایەكی چینی خەریكی بازرگانیكردن و فرۆشتنی زانیاریی هەواڵگرین دەربارەی جووڵە سەربازییەكانی ئەمریكا.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە ، ئەم كۆمپانیایانە لە ماوەی ئەم جەنگەدا، زانیاریی وردیان دەربارەی جووڵە و كەلوپەلەكانی سوپای ئەمریكا دەستخستووە و بازرگانییان پێوە كردووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایانە كە هەندێكیان پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەیە، تەكنەلۆژیاكان بۆ دەرهێنانی زانیاریی ورد لەسەر سوپای ئەمریكابەكاردەهێنن، ئەم كۆمپانیایانە توانیویانە وردەكاری كەلوپەلی ناو بنكە سەربازییەكان، شوێن و جووڵەی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكان و ئاستی ئامادەیی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر تاران دەستبخەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی پەكین، رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات ە حكومەتی چین هەرچەندە خۆی لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە جەنگەكە دەپارێزێت، بەڵام سوودمەندە لەم ململانێیەی ئێستا و لە رێگەی ئەم كۆمپانیایانەوە هێزی هەواڵگریی خۆی نیشان دەدات.
بەرپرسانی ئەمریكاش دەڵێن گەشەسەندنی توانای ئەم كۆمپانیا تایبەتانە، شاردنەوەی جووڵە سەربازییەكانی لە دوژمنان زۆر قورستر كردووە و ئەمەش مەترسییەكی ئەمنی گەورەیە.
واشنتن پۆست باسی لەوەشكردووە، جگە لە چین، روسیاش زانیاریی هەواڵگریی دەربارەی ئامانجە ئەمریكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە ئێران.لەمبارەیەوە، پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریكا، لە كۆتایی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو ، ئەوان ئاگادارن دوژمنەكانیان زانیاریی هەواڵگری پێشكەش بە تاران دەكەن كە نەدەبوو بیكەن.