توركیا بۆ رێگری كردن لە داڕمانی بەهای دراوەكەی زێڕ دەفرۆشێت

عیراق 03:56 PM - 2026/04/05

حكومەتی توركیا بۆ پاراستنی بەهای لیرە ،پەنا بۆ فرۆشتنی یەدەگی زێڕ دەبات و لە ماوەی سێ هەفتەدا بە بڕی 20 ملیار دۆلار زێڕی ڕەوانەی بازاڕەكان كردووە.

توركیا دەستی كردووە بە فرۆشتنی بڕێكی زۆر لە یەدەگی زێڕی بانكی ناوەندیی، بە مەبەستی رێگریكردن لە داڕمانی زیاتری بەهای دراوەكەی.

لە ماوەی 3 هەفتەی ڕابردوودا، توركیا نزیكەی 120 تۆن زێڕی فرۆشتووە كە نرخەكەی دەگاتە نزیكەی 20 ملیار دۆلار، ئەمەش هەوڵێكی حكومەتە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی لیرە.

توركیا وەك وڵاتێكی هاوردەكاری نەوت و غاز، بە ناجێگیریی نرخی وزە كاریگەر دەبێت. ئەم دۆخە راستەوخۆ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێچووی بژێوی، بەتایبەت لە كەرتەكانی خۆراك، كارەبا، غاز و هێڵەكانی گواستنەوە.
ئەم فشارانە كاریگەرییان لەسەر قەبارەی هەناردەكردن و توانای كێبڕكێی كۆمپانیا توركییەكان هەبووە، كە دەرئەنجامەكەی بەرزبوونەوەی خواستە لەسەر دراوی بیانی بۆ هاوردەكردن.

جەودەت یەڵماز، جێگیری سەرۆككۆماری توركیا هۆشدارۆی لە لێكەوتەكانی جەنگداوەو رایگەیاندووە،دەبێت توركیا خۆی بۆ ژینگەیەكی نوێی ئابووری ئامادە بكات، چونكە تەنانەت ئەگەر جەنگیش كۆتایی بێت، دەرئەنجامە ئابوورییەكانی بۆ درێژمەودا بەردەوامبن.

بەپێی دوایین ئامارەكانی بۆرسەی جیهانی، نرخی 1 دۆلاری ئەمریكی گەیشتووەتە 44 لیرە و 52 قروش. بەم پێیە، لیرەی توركی بەراورد بە ساڵی 2020 نزیكەی 87%ی بەهاكەی لەدەستداوە، ئەمەش وای كردووە حكومەت ڕێكاری خێرا بۆ ڕێگریكردن لە داڕمانی زیاتر بگرێتە بەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو