هیندستان هاوردەكردنی نەوت و غازی سروشتی لە ئێرانەوە دەستپێكردووەتەوە

عیراق 02:24 PM - 2026/04/05

هیندستان بە سوودوەرگرتن لە لێخۆشبوونەكانی ئەمریكا، هاوردەكردنی نەوت و غازی سروشتی لە ئێرانەوە دەستپێكردووەتەوە و یەكەم باری غازیش گەیشتووەتە بەندەرەكانی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی نەوتی هیندستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاشكرای كردووە،پاڵاوگەكانی وڵاتەكەی سەركەوتوو بوون لەدەستەبەركردنی پێداویستییەكانی نەوتی خاو لە ئێرانەوە، سەرەڕای ئەو پچڕان و ئاڵۆزییانەی لە دابینكردنی نەوت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵە داراییەكان، وەزارەتی نەوتی هیندستان دووپاتی كردووەتەوە، هیچ ئاستەنگێك لە پێدانی پارەی هاوردەكردنی نەوتی ئێران نییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەردوو وڵات گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی دارایی بۆ گواستنەوەی پارەی شتومەكەكان بەبێ ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی سزاكان.

لە پاڵ كڕینی نەوتی خاو، هیندستان هاوردەكردنی غازی سروشتیشی لە ئێرانەوە دەستپێكردووە.

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی نەوت، كەشتییەكی غازی سروشتی كە 44 هەزار تۆن باری هەڵگرتبوو، گەیشتووەتە دەروازەی مانغالور لە هیندستان. ئەم هەنگاوە وەك بەشێك لە هەوڵەكانی نیودەلهی دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وزە لە بازاڕەكاندا.

ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییانە لە كاتێكدایە كە لە 28ی شوباتەوە، بەهۆی گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتوچۆ لە گەرووی هورمز سنووردار كراوە.
بەهۆی قەیرانی وزەش لە جیهاندا، ئەمریكا ڕێگەی داوە بە فرۆشتنی 140 ملیۆن  بەرمیل نەوتی ئێران بۆ ئەوەی هاوسەنگیی بازاڕ و نرخەكان بپارێزرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو