هەواڵگری ئەمریكا: ئێران بەخێرایی بنكە مووشەكییەكان چاكدەكاتەوە

عیراق 01:03 PM - 2026/04/04

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا، ئێرانییەكان دەتوانن بەخێراییەكی سەرسوڕهێنەر بنكە مووشەكییەكانی ژێر زەوی چاك بكەنەوە دوای بۆردومان كردنیان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە.

ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" بڵاویكردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بە ڕێژەی 90% كەمیان كردووە، بەڵام تاران بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر ئەو بنكە ژێرزەوییانە چاك دەكاتەوە كە بۆردومان دەكرێن. تیمەكانی ئێران لە ماوەی چەند سەعاتێكدا ئەو سەكۆیانەی كەوتوونەتە ژێر خاك دووبارە دەردەهێننەوە و دەیانخەنەوە كار.

ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران شۆفڵ و ئامێری قورس بەكاردەهێنێت بۆ هەڵدانەوەی ئەو سەكۆیانەی بەهۆی بۆردومانەوە داپۆشراون.

دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەڵێن، هەڵسەنگاندنی دروستی توانای مووشەكیی ئێران كارێكی قورسە، چونكە تاران ژمارەیەكی زۆر "سەكۆی ساختە" بەكاردەهێنێت.
ئەم تەكنیكە وایكردووە ئەمریكا دڵنیا نەبێت لەوەی چەند لەو سەكۆیانەی لە ماوەی ڕابردوودا تێكشكێنراون ڕاستەقینە بوون و چەندیان ساختە بوون، ئەمەش گومان دەخاتە سەر بانگەشەكانی پێنتاگۆن بۆ لەناوبردنی توانای مووشەكیی ئەو وڵاتە.

ئانا كێلی، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە، هێرشە بالیستی و درۆنییەكانی ئێران 90% كەمیان كردووە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بەتەواوی لەناوچووە. هەروەها 2 لەسەر 3ـی كارگەكانی بەرهەمهێنان زیانیان بەركەوتووە و ئەمریكا و ئیسرائیل باڵادەستیی ڕەهای ئاسمانییان هەیە. 
سەرەڕای پاشەكشەی هێرشەكان، ئێران هێشتا بڕێكی زۆر مووشەك و سەكۆی گەڕۆكی ماوە و بەپێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی سی ئێن ئێن، هێشتا نیوەی سەكۆ مووشەكییەكانی ئێران وەك خۆیان ماونەتەوە. لە ئێستادا ئێران ڕۆژانە نزیكەی 15 بۆ 30 مووشەكی بالیستی و 50 بۆ 100 درۆنی خۆكوژی ئاراستەی ئیسرائیل‌و وڵاتانی ناوچەكە دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو