هەمووان راهاتووین لەسەر وتارە زۆرو جیاوازەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، وتاری ئەمجارەی ترەمپ جیاوازە، هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا ترەمپ لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێرانی كردبووە یەكێك لە ئامانجەكانی و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی زەمینیشی بۆ سەر ئێران هێنابووە سەر مێزی گفتوگۆ،
بەڵام لەنوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنووسان پلانی خۆی سەبارەت بەكۆتایهێنان بەجەنگی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، رێككەوتن هەبێت یان نا، هێزەكانی ئەمریكا ئێران بەجێدەهێڵن ودەكشێنەوە، هاوكات كۆشكی سپیش رایگەیاند، رۆژی چوار شەممە سەعات نۆی شەو بەكاتی ئەمریكا كە دەكاتە رۆژی پێنج شەممە بە كاتی كوردستان، دۆناڵد ترەمپ وتارێكی گرنگ سەبارەت بە ئێران پێشكەش دەكات،
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەجەنگی ئێران دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هێزەكانی وڵاتەكەی بەمزوانە كۆتایی بەئۆپراسیۆنەكانیان لەئێران دەهێنن و خشتەیەكی كاتیی 2 بۆ 3 هەفتەیشی بۆ كشانەوەیان دیاریكردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، كشانەوەی ئەمریكا لەئێران دەبێتەهۆی دابەزینی خێرای نرخی سووتەمەنی كە لەدوای دەستپێكی جەنگ لە28ی شوبات بەرزبووەتەوە.
سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدیشی كردەوە، پێویست ناكات تاران رێككەوتنی لەگەڵدا بكات، بەڵكو مەرجی ئەوان ئەوەیە كە دڵنیابن ئێران چیتر ناتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات.
بەوتەی ترەمپ، كاتێك هەست بكەن تاران بۆ ماوەیەكی درێژخایەن گەڕێندراوەتەوە بۆ سەردەمی بەردین، ئەو كاتە دەڕۆن و بوون یان نەبوونی رێككەوتن هیچ جیاوازییەكی نییە.
هاوكات كۆشكی سپیش لەپۆستێكدا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوار شەممە سەعات نۆی شەو وتارێكی گرنگ سەبارەت بەجەنگی ئێران پێشكەش دەكات.