بەهۆی سەركەوتنی هەڵبژاردەی عیراق بۆ مۆندیال ئەمڕۆ و سبەی كرا بە پشوو

عیراق 10:47 AM - 2026/04/01

محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق پیرۆزبایی لە گەلی عیراق و یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەكات بەبۆنەی گەیشتنیان بۆ مۆندیالی 2026 و دەشڵێت ، بەهۆی ئەو سەركەوتنە گەورەیەوە  ئەمڕۆ و سبەی پشووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وڵاتی مەكسیك، لە دوایین یاریی پاشكۆی كۆتایی جامی جیهانی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و بۆلیڤیا رووبەڕووی یەكبوونەوە و عیراق توانی دوای چوار دەیە یارییەكە بە ئەنجامی دوو بە یەك بباتەوە و بە رەسمی وەك دوایین هەڵبژاردە كورسییەكی لە مۆندیالدا مسۆگەر كرد. بەهۆی ئەو سەركەوتنە گەورەیەشەوە، محەمەد شیاع سودانی پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی عیراق كرد بۆ ئەو دەستكەوتە وەرزشییەی كە پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستیان هێنا.

سودانی ئاماژەی بەوە شكرد سەركەوتنی هەڵبژاردەكە بۆ مۆندیالی 2026، هاتنەدی خەونی مێژوویی هاندەرانی عیراق بووە كە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم ساتەیان دەكرد، راشیگەیاند، گەیشتنی عیراق بۆ جامی جیهانی وێستگەیەكی گرنگە لە كاروانی وەرزشی وڵاتەكەدا و پێگەی عیراق لەم مەحفەلە جیهانییەدا جێگیر دەكات.

سودانی تەئكیدیشی كردەوە كە ئەم سەركەوتنە دووپاتكردنەوەی ئیرادەی بەهێزی گەنجانی عیراقە كە سوورن لەسەر بەرزكردنەوەی ناوی وڵاتەكەیان لە هەموو بوارەكان و بەتایبەتی بواری وەرزشیدا.

لە پەیامەكەیدا، سودانی ئاشكرای كرد ،حكومەت لە سەرەتای دەستپێكردنی یارییەكانی پاڵاوتنەوە هەوڵیداوە پشتگیریی تەواوی هەڵبژاردەی نیشتمانی و یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بكات و متمانەی تەواویشیان بە توانای یاریزانەكان هەبووە بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستكەوتە و سەركەوتنیان بۆ جاری 2ـەم بۆ مۆندیال، تا ناوی عیراق لە لوتكەی سەركەوتندا بمێنێتەوە.هاوكات هەر بەو بۆنەیەوە  سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ و سبەینێی كرد بە پشوو.

وەرن با بۆتان باس بكەم عیراق چۆن توانی لەم یاریەدا براوە بێت،لەدەقیقەی  10ی سەرەتای دەستپێكی یاریەكە ، عەلی حەمادی گۆڵی پێشكەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عیراق تۆماركرد، بەڵام لە دەقیقەی 38 مۆسیس پانیاگوا ئەنجامەكەی بۆ بۆلیڤیا یەكسان كردەوە. لە نیوەی دووەمدا و لە دەقیقەی 53، ئەیمەن حوسێن توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و جارێكی تر عیراق پێشبخات.

یارییەكە تا كۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە و عیراق پارێزگاری لە سەركەوتنەكەی كرد.
لە هەڵبژاردەی عیراق چەندین یاریزانی كوردستانی رۆڵی كاریگەریان هەبووە، لەوانە: ئاكام هاشم، مێرخاس دۆسكی، یوسف ئەمین، ماركۆ فەرەج، پیتەر گۆرگیس، رێبین سولاقا و ئەیمار شێر، كە بەشێكیان لە یارییەكەی بەرامبەر بۆلیڤیا بەشێوەی سەرەكی یارییان كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو