ئەمریكا كۆگایەكی گەورەی تەقەمەنی لە ئیسفەهان بۆردوومان كرد

عیراق 12:52 PM - 2026/03/31

 جەنگی ئەمریكا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 32 هەمین رۆژیدا بەردەوامە، تاوەكو ئێستاش هیچ ئاسۆیەك یان دڵنیاییەك بۆ راگرتنی جەنگ نییە. لە نوێترین پێشهاتدا، ئەمریكا بە بەكارهێنانی بۆمبی حەشارگەشكێن، كۆگایەكی گەورەی تەقەمەنی لە شاری ئیسفەهانی ئێران بۆردوومان كرد.

لێپرسراوێكی ئەمریكی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی راگەیاندووە، لەو هێرشەدا ژمارەیەكی زۆر بۆمبی دوو هەزار پاوەندی واتا (900 كیلۆگرام)ی لە جۆری "بڕەری قووڵ" بەكارهێندراون.

ئەمە لە كاتێكدایە شەوی رابردووش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ڤیدیۆیەكی بێ روونكردنەوە لە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاوكردەوە، لە ڤیدیۆكەدا زنجیرەیەك تەقینەوەی یەك لە دوای یەك بەو شەوە ئاسمانیان رووناك كردەوە.

ئەو لێپرسراوە ئەمریكییە دەڵێت، ڤیدیۆكە دیمەنی هێرشەكەی سەر ئیسفەهانە.

 زانیارییەكان ئاشكرایدەكەن، ئەمریكا لە ماوەی یەك مانگی جەنگدا زیاتر لە 10 هەزار پێگەی سەربازیی ئێرانی بۆردوومان كردووە. سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، كە لەو ماوەیەدا زیاتر لە سێ هەزار ئامانجییان لە ئێران بۆردوومان كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو