شارەزایان: 50 هەزار سەربازی ئەمریكی كەمە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی لە ئێران

عیراق 10:49 AM - 2026/03/30

ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی و دۆناڵد ترەمپیش تاوتوێی قۆناغی داهاتووی جەنگی دژی ئێران و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەكات، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ترەمپ نیەتی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی نییە چونكە ناردنی 50 هەزار سەرباز بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی لە وڵاتێكی وەك ئێران  كەمە و محاڵە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، تا ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50 هەزار سەربازی تێپەڕاندووە،بەپێی رۆژنامەكە، دوو هەزار و 500 سەربازی هێزی مارینز و دوو هەزار و 500 دەریاوانی تر گەیشتونەتە ناوچەكە،ئەمەش ژمارەی هێزەكانی ئەمریكای لە ناوچەكەدا  زیاتر كردووە.

بەرپرسانی ئەمریكیش ئاماژە بەوە دەكەن، دۆناڵد ترەمپ خەریكی تاوتوێكردنی هەنگاوەكانی داهاتووە و بیر لە هێرشی گەورەتر دەكاتەوە، وەك دەستبەسەرداگرتنی دوورگەیەك یان ناوچەیەكی وشكانی.

ئامانجی ئەم پلانە كردنەوەی گەرووی هورمزە كە بەهۆی هێرشەكانی ئێرانەوە تا ئاستێكی زۆر داخراوە. هەفتەی رابردووش پێنتاگۆن فەرمانی بە دوو هەزار سەربازی فیرقەی 82ی سوپای ئەمریكا كردووە بەرەو ناوچەكە بەڕێ بكەون و پێشبینی دەكرێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارك بەكاربهێنرێن، كە پێشتر 90 ئامانجی سەربازی تیایدا بۆردومان كراوە.

لەلایەكی دیكەوە،كەشتی  فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد   كە چوار هەزار و 500  كارمەندی لەسەر بوو، لە 23 ی ئەم مانگەدا  ناوچەكەی جێهێشتووە.هۆكاری كشانەوەكە بۆ چەندین كێشەی تەكنیكی و ئاگركەوتنەوە دەگەڕێتەوە و  ئێستا كەشتییە  فڕۆكەهەڵگرەكە لە كەناراوەكانی كرواتیایە.

شارەزایانی سەربازیش هۆشداری دەدەن كە 50 هەزار  سەرباز ژمارەیەكی زۆر كەمە بۆ هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێكی زەمینی گەورە دژی وڵاتێكی وەك ئێران، چونكە بەو پێیەی ئێران وڵاتێكی گەورەیە و خاوەنی 93 ملیۆن دانیشتووان و جوگرافیایەكی ئاڵۆزە، شارەزایان پێیان وایە كۆنترۆڵكردنی وڵاتەكە بە 50 هەزار سەرباز كە زۆربەیان لەناو دەریادان، كارێكی مەحاڵە و ناتوانرێت ئامانجە ستراتیژییەكانی تێدا بەدەستبهێنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو