محەممەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریكا بەئاشكرا پەیامی دانوستان و وتووێژ دەنێرێت، لە هەمان كاتدا بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی دادەڕێژێت لە كاتێكدا شەڕ بەردەوامە.
محەممەد باقر قالیباف لە وتارێكدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 30 رۆژ بەسەر شەڕەكە رایگەیاند،قۆناغی ئێستای شەڕەكە یەكێك لە قۆناغە هەستیارەكان و توانای مووشەكییمان بەردەوامە، گەرووی هورمزیش كە پێش شەڕ كراوە بوو، ئێستا بووەتە خەون بۆ ترەمپ، ئەو پلانەشی ئەمریكا بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران دایدەڕشت ئێستا بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز گۆڕاوە،
بە وتەی قالیباف، ئەمریكا لە دوای ئەوەی نەیتوانی لە رووی سەربازییەوە بگاتە ئامانجەكانی لە رێگەی رێڕەوی دیبلۆماسییەوە، هەوڵی گەیشتن بەئامانجەكانی دەدات.
ئاماژەی بەوەشكرد،بەیاننامەی جیاواز لەلایەن بەرپرسانی ئەمریكاوە سەبارەت بەدانوستانەكان دەردەچێت، واشنتۆن داواكارییەكان لەچوارچێوەی لیستی 15 خاڵیدا خستۆتەڕوو هەوڵیشدەدات لەڕووی دیپلۆماسییەوە بەدیبهێنێت.
دەشڵێت، ئەمریكا بە ئاشكرا پەیامی دانوستان و گفتوگۆ دەنێرێت، لە هەمان كاتدا بە نهێنی پلانی هێرشی زەمینی دادەنێت، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران راشیگەیاند، ئەمریكا هەوڵدەدات ناچاریان بكات تەسلیم بن بەڵام ئەوان هەرگیز سەر دانانەوێنن ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی دەرەوەی پاكستان رایگەیاند ،ئیسلام ئاباد میوانداری كۆبوونەوەی چوارلایەنەی وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعودیە، توركیا و پاكستان دەكات، بەئامانجی هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.