حوسییەكان: بە مووشەكی كرووز و درۆن پێگە هەستیارەكانی ئیسرائیلمان پێكا

عیراق 12:36 PM - 2026/03/29

حوسییەكانی یەمەن ئەنجامدانی دووەم ئۆپراسیۆنی سەربازییان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و، هۆشداری دەدەن كە هێرشەكانیان بۆ پشتیوانیی ئێران و عیراق بەردەوام دەبێت.
یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حوسییەكان، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، شەوی رابردوو  دووەم ئۆپراسیۆنی سەربازییان بە كۆمەڵێك مووشەكی كرووز و درۆن ئەنجام داوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە هێرشەكە بە سەركەوتووی  پێگە هەستیار و سەربازییەكانی ئیسرائیلی لە باشووری فەڵەستین پێكاوە ، تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،ئەم هێرشانە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرەی موقاوەمە لە ناوچەكە ئەنجامدەدرێت، بۆ پشتیوانیكردنی فەڵەستین، عیراق، لوبنان و ئێران. راشیگەیاند،ئۆپراسیۆنەكانیان لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی ئیسرائیل هێرش و دەستدرێژییەكانی رادەگرێت.

حوسییەكان هەر لە رۆژی شەممەدا یەكەم ئۆپراسیۆنی خۆیان لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەكە بە كۆمەڵێك مووشەكی بالیستی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل راگەیاند.یەحیا سەریع هۆكاری ئەو هێرشانەی بۆ كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی ئیسرائیل گەڕاندەوە كە دژی هاووڵاتیانی لوبنان، ئێران و عیراق ئەنجام دەدرێن.

گرووپەكە هۆشدارییان داوەتە ئەمریكا و ئیسرائیل كە ئەگەر هەر هاوپەیمانییەكی نوێ دژی تاران پێكبهێنرێت، یان دەریای سوور بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنرێت، دەستوەردانی  راستەوخۆ دەكەن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو