ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 30 رۆژە بەردەوامە و دۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەراستی ناسەقامگیر كردووە و ئابووری جیهانیشی تێكداوە.ئەم ئۆپراسیۆنە بەدوور نەبووە لە عیراق و لەو ماوەیەدا سەدان مووشەك و درۆن ئاراستەی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق كراون ، لەوانەش شەوی رابردوو بازگەیەكی هێزە ئەمنییەكان لە موسڵ كرایە ئامانج و كوژرانی دوو پۆلیسی لێكەوتەوە،لەوبارەیەشەوە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە ی بەوەكرد،بازگەیەكی سەر بە فەوجی فریاكەوتنی پۆلیس لە نزیك پردی سێیەم لە بەری راستی شاری موسڵ لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان كراوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، لە بۆردوومانەكەدا دوو پۆلیس كە یەكێكیان پلەی عەقیدە كوژراوە و لە بۆردوومانی دووەمیشدا بۆ هەمان بازگە پێنج پۆلیسی تر بریندار بوون لە كاتێكدا لە هەوڵی فریاگوزاریدا بوون بۆ هاوڕێ بریندارەكانیان.
بەوتەی سەرچاوەیەكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو شوێنەی بۆردوومانكراون بە هاوبەشی لەلایەن پۆلیس و حەشدی شەعبی بەڕێوە دەبرێت.
هەروەها ناوچەكانی كەڕادە و زەیونە لە بەغداد بۆردوومانكران،ئەم هێرشانە بەدوور نەبوون لە هەرێمی كوردستان و هەر هەمان شەو چیایی كۆدۆ لە سنووری قەزای چۆمان و چیایی كۆڕەك بۆردوومانكران و لە سۆران دوو درۆن خرانە خوارەوە و درۆنێكیش لە ئاسمانی سلێمانی تێكشكێندرا و جارێكی تر نزیك ئەو بارەگایەی پێشمەرگە لە سپیلك بۆردوومانكرایەوە كە هەفتەی رابردوو تێیدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون.