ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی گەیشتووەتە رێككەوتنی ستراتیژیی 10 ساڵە لەگەڵ سعودیە و قەتەر لە بوارەكانی بەرگری و وزەدا.
وتیشی،رێككەوتنێكی هاوشێوە لەگەڵ ئیمارات لە قۆناغی كۆتاییدایە، ئەم هاوكارییە سەربازییانە كە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێن، بوارەكانی بەرگری و وزە دەگرنەوە.
سەرۆكی ئۆكرانیا تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە، رێككەوتنەكان گرنگی بە بەرهەمهێنانی هاوبەشی چەك و گواستنەوەی تەكنەلۆژیا دەدەن. پلانیش هەیە بۆ دروستكردنی كارگەی سەربازی لە ناوخۆی ئۆكرانیا و وڵاتانی كەنداو.
بەوتەی زیلینسكی ،ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی گەشەكردنی كەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئۆكرانیا و دابینكردنی هەلی كار.
دوای ئەوەی بە سەدان مووشەك و درۆن هێرشكرایە سەر وڵاتانی كەنداو، ئێستا ئەو وڵاتانە دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی ئۆكرانیا وەربگرن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 200 پسپۆڕی سەربازیی ئۆكرانیی لە ناوچەكەدان بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتانە.