ناتانیاهۆ: هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران پێویستە بەرژەوەندیەكانمان بپارێزێت

عیراق 11:32 AM - 2026/03/24

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، یەكەم هەڵوێستی لەبارەی ئەگەری رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێران ڕاگەیاند، ناتانیاهۆ وتی، هەر رێككەوتنێك دەبێت بەرژەوەندییەكانمان بپارێزێت.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەنجامداوە، پێكەوە گفتوگۆی گۆڕانكارییەكانی دۆسیەی ئێرانمان كرد، لەگەڵ سوود وەرگرتن لە ئەنجامی پرۆسە سەربازییەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت، ئەمە هەلێكە بۆ سوودوەرگرتن لە سەركەوتنە گەورەكانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریكا، لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجەكانی جەنگ لە رێگەی رێككەوتنەوە، ئەو رێككەوتنەش دەبێت بەرژەوەندییەكانمان بپارێزێت.

ناتانیاهۆ جەختی لە بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران كردەوە ئەمەش هاوشان لەگەڵ رێڕەوە سیاسییەكە، وتیشی، هێرشەكانمان لە ئێران و لوبنان بەردەوام دەبن، ئێمە بەرنامەی مووشەكی و ئەتۆمیی ئێران بەردەوام بە ئامانج دەگرین و بەردەوامیش دەبین لە وەشاندنی گورز لە حزبوڵا.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكراكرد، كە پێش دوو رۆژ دوو زانای ئەتۆمیی ئێرانیان كوشتووە و بەردەوامیش دەبن.

پێشتر پێگەی ئاكسیۆس ئاشكرایكردبوو، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دڵنیایی داوە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندیەكانی ئیسرائیلی تێدا دەپارێزرێت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو