سەرەڕای مۆڵەتی 5 رۆژی ترەمپ؛ دامەزراوەكانی وزەی ئێران لە ئیسفەهان و خوڕەمشهر بۆردوومان كران

عیراق 10:33 AM - 2026/03/24

سەرەڕای مۆڵەتە 5 رۆژییەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا، بۆ راگرتنی هێرشەكانی سەر ژێرخانی وزەی ئێران، دامەزراوەكانی وزەی وڵاتەكە لە ئیسفەهان و خوڕەمشهر بۆردوومان كران و تاران هەڕەشەی وێرانكردنی ژێرخانی وزەی ناوچەكە دەكات.

ئاژانسی هەواڵی "فارس" رایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ، باڵەخانەی بەڕێوەبردنی غاز و وێستگەیەكی كەمكردنەوەی پەستانی غاز لە شەقامی كاوەی شاری ئیسفەهان كرانە ئامانج. 

لەبارەی زیانەكانەوە باسلەوەدەكات، هێرشەكە زیانی بە دامەزراوەكە و چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوونی نزیك لە ناوچەكە گەیاندووە، بەڵام بەهۆی كوژاندنەوەی پێشوەختەی وێستگەكە رێگری لە تەقینەوەی گەورە كراوە.

هەر ئەمڕۆ لە خوڕەمشەهر مووشەكێك بەر ناوچەیەكی دەرەوەی وێستگەی بۆری غاز كەوتووە و ئەوەش زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.

هێرشی سەر دامەزراوەكانی وزە لە ئێران دوای ئەوە دێن لە رۆژی 18ـی ئاداردا، ئیسرائیل كێڵگەی غازی "پارسی باشوور" كە گەورەترین كێڵگەی غازی ئێرانە و دامەزراوەكانی ئوسولویەی كردە ئامانج.

دوابەدوای ئەو هێرشانە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە هێرشەكانی سەر ژێرخانی وزە رابگرێت و مۆڵەتی پێنج رۆژی دیاریكرد بۆ ئەوەی لە رێگەی دانوستانەوە بگەینە رێككەوتن، سەرەڕای پێشنیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، تاران بوونی هەر جۆرە دانوستانێكی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆن رەتكردووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئێران واتا "پەرلەمان" هۆشداری داوە، ئەگەر وێستگەكانی كارەبای ئێران بكرێنە ئامانج، دامەزراوە گرنگەكانی وزە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی وێرانكارییەكی نەگەڕاوە دەبنەوە.

تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە، پاراستنی ژێرخانی وزەی وڵاتەكەی هێڵی سوورە و هەر هێرشێك وەڵامی هاوشێوەی دەبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لایەنی هێرشبەر.

لایخۆشیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەكات كە وەڵامدانەوەكانیان تەنها ئیسرائیل ناگرێتەوە، بەڵكو تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكەنە ئامانج.

هەروەها دەڵێت، ژێرخانی وزە و ئاوی ئەو وڵاتانەی ناوچەكەش دەكرێنە ئامانج كە هاوكاریی هێرشەكانی سەر خاكی ئێران دەكەن یان ئاسمانی وڵاتەكەیان بۆ ئەو مەبەستە بەكاردەهێنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو