فائق زیدان هێرشكردنە سەر نێردە نێودەوڵەتییەكان بە مەترسی گەورە وەسف دەكات

عیراق 04:43 PM - 2026/03/17

فائق زیدان هێرشكردنە سەر نێردە نێودەوڵەتییەكان بە مەترسی گەورە وەسف دەكات     

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگای نێردە نێودەوڵەتییەكان بە مەترسی گەورە وەسف دەكات.
لە راگەیەندراوێكدا، فائق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دەڵێت، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان لە گرنگترین پایەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانن، بەو پێیەی نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان دەكەن لە دەرەوە و ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن لە بەهێزكردنی هاوكارییە سیاسی و ئابووری و كلتوورییەكانی نێوان گەلان.
فائق زیدان راشیگەیاندووە، تاوانی هێرشكردنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان پێكدێت لە هەر كردەوەیەك كە شوێنی باڵیۆزخانەكان یان كونسوڵخانەكان یان كارمەندەكانیان بكاتە ئامانج، جا چ لە ڕێگەی تێكدان، هەڕەشە، هێرشی جەستەیی، یان تەنانەت گەمارۆدان و ڕێگریكردن لە ئەركەكان. هەروەها مەترسی ئەم تاوانە تەنیا بە زیانی ماددی یان مرۆیی سنووردار نییە، بەڵكو كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان درێژ دەبێتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی قەیرانی دیپلۆماسی توند یان تەنانەت پچڕانی پەیوەندییەكان.
فائق زیدان شیكردووەتەوە، دەوڵەتی وەرگر پابەندە بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستنی ئەم نوێنەرایەتیانە لە هەر هێرشێك، دەستدرێژییەك، یان زیانێك، هۆشداریشی داوە لەوەی ئەگەر وڵاتێك نەتوانێت نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر خاكەكەی بپارێزێت و شكست بهێنێت لەو ئەركەدا، ئەوا رەنگە دووچاری دابڕانی نێودەوڵەتی ببێتەوە.

فائق زیدان تەئكیدیشیكردووەتەوە، دەسەڵاتی یاسادانانی عیراق ئارەزووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو