شەوی رابردوو، عیراق بەتایبەت بەغداد، شەوێكی نا ئارامیان بەڕێكرد

عیراق 12:17 PM - 2026/03/17

شەوی رابردوو، عیراق بەتایبەت بەغداد، شەوێكی نا ئارامیان بەڕێكرد، لەو شەوەدا بە درۆن و مووشەك هێرشكرایە سەر چەندین دامەزراوە و شوێنی گرنگ لەوانە: كێڵگەی نەوتی مەجنوون لە پارێزگای بەسڕە، هۆتێل رەشید و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد.

دوای ئەوەی بە چەند درۆن و مووشەكێك هێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعیراق دوكەڵ لە بەرامبەر شەقامی ئەبو نەواس بە درێژایی رووباری دیجلە بەرزبووەوە، دواتر دەركەوت دوكەڵەكە لە ئاگرێكەوە بووە، كە لە باڵیۆزخانەكەوە دەرچووە، چونكە بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر.

زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، بە نزیكەی چوار درۆن و سێ مووشەك هێرش كراوەتە سەر باڵیۆزخانەكە و سیستمی بەرگری ئاسمانی "سی رام"ی باڵیۆزخانەكە سەرقاڵی بەرپەچدانەوەی هێرشەكان بووە.

هەروەها درۆنێكی تر لە كەناری رووباری دیجلە كەوتووەتە خوارەوە، دواتر هێزە ئەمنییەكان بە تەواوی ناوچەی سەوزیان گەمارۆدا و هێزەكانی دژە تیرۆر بە شێوەیەكی بەرفراوان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و ناوچەكانی دەوروبەریدا بڵاو كرانەوە.

لەم شەوە گرژییەدا، لە نێو دەنگی تەقینەوە و تەقەدا، ماڵێك لە گەڕەكی جادریەی ناوەڕاستی بەغداد بە هێرشی مووشەكی كرایە ئامانج، سەرچاوەكان پێیان وایە ئەو خانووە هی سەركردەیەكی دیاری هێزەكانی حەشدی شەعبی بووە.

سەرچاوە نزیكەكانی حەشد ئاماژەیان بەوە كردووە، شەش كەس لەناو ماڵەكەدا كوژراون و ژمارەیەكی تریش برینداربوون، تەنانەت هەندێك باسی ئەوە دەكەن ئەم خانووە،  ئەبو ئالائی وەلائی سەرۆكی بزووتنەوەی سەید شوهەدای تێدابووە، بەڵام ئەمە تا ئێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە.

چەند رۆژێك پێشتریش ماڵێك لە ناوەڕاستی بەغداد دوو هێرشی ئاسمانی كرایە سەر، لە ئەنجامدا چەند چەكدارێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی كوژران. سەرچاوە ئەمنییەكانیش ئاماژەیان بەوەكرد، هێرشەكە لەلایەن ئەمریكاوە ئەنجامدراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو