وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی دایەوە و دەڵێت، راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەندراوێكی سیاسییە و هەڵوێستی حزبی لەپشتە. دەشڵێت، هەوڵدەدەن بە زووترین كات هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی كەركوك - جەیهان دەستپێبكەنەوە.
وەزارەتی نەوت رایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانی لەسەر بۆری نەوتی كەركوك - جەیهان سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. هیواشی خواستووە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت راستەوخۆ نەوتی كەركوك هەناردە بكرێت.
وەزارەتەكە پێشنیاری كردووە بە شێوەیەكی كاتی هێڵی وێستگەی سارلوا لە كەركوك بۆ وێستگەی پێشخاپوور بەكاربهێنرێت بۆ هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە بە زیادكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە كۆی بڕەكە دەگاتە 450 هەزار بەرمیل. وەزارەتەكە دەڵێت، ئەم بڕە نەوتە بە نرخە بەرزەكەی ئێستای بازاڕ، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەریی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروستبووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق تەئكید لەوەدەكاتەوە، بەپێی رێككەوتنی نێوان عیراق و توركیا، بۆرییەكە دامەزراوەیەكی حكومەتی فیدراڵییە و لەژێر فەرمانی راستەوخۆی حكومەتی ناوەندیدایە. دەشڵێت، داوا لە "حكومەتی هەولێر" دەكەین لە بڕیاری رێگریكردن لە هەناردەی نەوت پاشگەز ببێتەوە، ئەگەرنا حكومەتی فیدڕاڵی رێكارە یاساییەكان دەگرێتە بەر.
هاوكات، وەزارەتی نەوت لە راگەیەندراوەكەدا، سەرسوڕمانی خۆی نیشان داوە لەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، پرسی هەناردەی نەوتی بەستووەتەوە بە مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا و دەڵێت، مووچە كاری وەزارەتی داراییە و سیستمی ئەسیكۆداش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، هەوڵەكانی "حكومەتی هەولێر" پێشێلكردنی دەستوورە، بەتایبەتی مادەكانی 110، 111 و 112ی دەستوور و داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق و نوێنەرانی كوردیش دەكات، دەستوەردان بكەن لەم دۆخەی كە بە "حاڵەتێكی شاز و نادروست" وەسفی كردووە.